رووداو-هەولێر
جێگری سەرۆكی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستاندنکار لەگەڵ بەغدا کۆبووەوە و دابینكردنی شایستەییەكانی مووچەخۆرانی بە ئەولەویەتی کاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوبرد و گوتی، دەبێت ھەوڵەكانمان لەوبارەیەوە درێژە پێ بدەین.
رۆژی یەکشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی شاندی دانوستاندنكاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق كۆبووەوە. شاندەکە دەرئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا و دۆخی دارایی ئێستای عێراقیان خستەڕوو و ئاماژەیان بەوەدا "داهاتی نەوتی عێراق بە رێژەیەکی زۆر دابەزیوە و کورتهێنانێکی زۆر گەورە لە نێوان داهات و خەرجییەکانی حکومەت دروستبووە".
شاندەکە بە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە: "بەهۆی ئەم کورتهێنانەوە لە بەغدا فشاری سیاسی هەیە بۆ شكستهێنان بە لێكتێگەیشتنی پێشووی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بە جەختکردنەوە لەوەی، ئەولەویەتی حکومەت پاراستنی ژیانی ھاووڵاتیان و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانە، گوتی: "ھەموو ھەوڵێك دەدەین و درێژە بە ھەوڵەكانیشمان دەدەین بۆ ئەوەی بژێوی خەڵك دابین بكەین و تەندروستییان بپارێزین. شكستیش بەو ھەوڵانە دەهێنین كە ئامانج لێیان زەوتکردنی ماف و شایستە داراییەكانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانە".
قوباد تاڵەبانی بەپێویستی زانی: "بەو پەڕی شەفافیەتەوە بەردەوام لە پەیوەندیدا بین لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بەغدا و فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی عیراق".
جێگری سەرۆكوەزیرانی داوای لە شاندەکە کردووە: "بەئاشكرا و بە شێوازێكی شەفافتر زانیارییەكان و دواپێشھاتەكان بۆ خەڵكی كوردستان روون بکرێتەوە".

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ