رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک دەڵێت، 22 بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەستنیشانکردووە، کە شەشیان ئافرەتن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمڕۆ لیستەکە رادەستی کۆمیسیۆن دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 26-06-2025، خالید ئەحمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک لەبارەی لیستی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئامادەکاریی تەواو کراوە و ئەم جارە شێوەی دۆزینەوەی بەربژێرانمان گۆڕیوە، سیڤیمان وەرنەگرتوون، بەڵکو ئۆرگانە جیاجیاکان هەوڵیانداوە کەسایەتیی گونجاو بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی جێگەی متمانەی خەڵکی بن.''
خالید ئەحمەد گوتی، ''ژمارەیەکی باش لە کادیری شایستەی پارتی و کەسانی لێهاتوو دەستنیشانکراون و بە چەندین فیلتەردا دەرباز بوون، ئێستا 22 بەربژێر دیاریکراون کە 16ـیان پیاو و شەشیان ئافرەتن.''
لەم دواییانەدا، ژمارەیەک لیست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی حیزبەکانەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکراونەتەوە. بەرپرسی بەشی هەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک گوتی: ''ئەمە بڵاوکردنەوەیەکی پێشوەختە بوو و ئەمڕۆ لیستی سەرەکی پێشکێشی کۆمیسیۆن دەکەین.''
بە گوتەی خالید ئەحمەد، لیستەکەی پارتی لە پارێزگای دهۆک، فراوانە و کەسایەتی و شارەزای جۆراوجۆری لە ناوچە جیاجیاکان لەخۆگرتووە و تێیدا ''فرەچەشنیی کۆمەڵایەتی'' رەنگی داوەتەوە.
وەک ئەو بەرپرسەی بەشی هەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک دەڵێت، ''ژمارەی بەربژێران لە سنووری هەر قەزایەک، بە گوێرەی ژمارەی دەنگدەران دیاریکراون، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەکی یەکسان لە هەموو ناوچەکاندا هەبێت.''
بڕیارە 11-11ـی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێرەکانیش بۆ هەڵبژاردنەکە لە 25ـی مانگی ئایار دەستیپێکرد و بڕیارە ئەمڕۆ دوا رۆژ بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ