ئاوی سۆران: وشکەساڵی گرفتی بۆ سەرچاوەکانی ئاو دروستکردووە

26-06-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سۆران رایدەگەیێنێت، بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و وەرزیبوونی سەرچاوەکانی ئاوەوە، لە وەرزی هاویندا رووبەڕووی کورتهێنانێکی گەورە لە ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە، بەجۆرێک توانای بەرهەمهێنانیان ناگاتە نیوەی پێداویستیی شارەکە. هاوکات بۆ چارەسەری درێژخایەن، دوو پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی بە گوژمەی زیاتر لە چوار ملیار و 700 ملیۆن دینار لە بواری جێبەجێکردندان.
 
ئەندازیار یوسف ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سۆران، میوانی بەرنامەی مژار بوو لە رادیۆی رووداو، باسی لە دۆخی ئاوی سنوورەکە کرد و رایگەیاند، "پێویستیی شاری سۆران لە وەرزی هاویندا دەگاتە 5600 مەتر سێجا لەکاژێرێکدا، بەڵام ئێمە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی سەرچاوەکانەوە، ئێستا لە باشترین دۆخدا تەنیا دەتوانین 2100 مەتر سێجا لەکاژێرێکدا بەرهەمبهێنین."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، ئەم جیاوازییە گەورەیە وایکردووە کە نەتوانرێت بەشێوەیەکی بەردەوام ئاو بۆ نزیکەی 35 هەزار هاوبەشەکەی ناوشار دابین بکرێت و پەنا براوەتە بەر سیستمی دابەشکردنی رۆژناڕۆژێک، هەورەها بەشێوەی تانکە بۆ بەشێک لە گەڕەکەکان.
 
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای کوالێتی بەرزی ئاوی سنوورەکە کە پێویستی بە کەمترین پاڵاوتن هەیە، کێشەی سەرەکییان وەرزیبوونی سەرچاوەکانە. 
 
بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری سۆران، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی شارەکە، پشت بە سێ سەرچاوەی سەرەکی بەستووە کە بریتین لە وێستگەی بێخاڵ1 بە توانای 1600 مەتر سێجا لە کاژێرێکدا، وێستگەی بێخاڵ2 بە توانای 600 مەتر سێجا لەکاژێرێکدا و وێستگەی کونەماسی بە توانای 200 مەتر سێجا لە کاژێرێکدا.
 
ئەندازیار یوسف ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی وشکبوونی سەرچاوەی ئاوی سەروچاوەی دیانا بەهۆی وشکەساڵییەوە، ئێستا لە رێگەی 10 بیرەوە قەرەبووی ئەو کەمبوونەوەیە دەکرێتەوە. هەروەها زیاتر لە 200 بیری دیکە لە سنووری ئیدارەکەدا هەن کە کەمبارانی و وشکەساڵی کاریگەریی لەسەر ئاستی ئاویان داناوە.
 
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەشێوەیەکی بنەڕەتی، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، ئاشکرای کرد کە دوو پڕۆژەی گرنگ لە قەزای سۆران لە قۆناخی جێبەجێکردندان. یەکەمیان دروستکردنی گەورەترین حەوزی کۆنکرێتی ئاوە کە توانای گلدانەوەی 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە و بە گوژمەی دوو ملیار و 422 ملیۆن دینار دروست دەکرێت. پڕۆژەی دووەمیش دانانی تۆڕی ئاو بۆ ناوەندی شار و گەڕەکەکانی کە گوژمەکەی نزیکەی دوو ملیار و 300 ملیۆن دینارە و چارەسەری کێشەی بەفیڕۆچوونی ئاویش دەکات.
 
سەبارەت بە دابینکردنی ئاو بە تانکەر، ناوبراو پشتڕاستی کردەوە کە پرۆسەکە هێشتا بەردەوامە بۆ سێ گەڕەکی شاری سۆران کە بریتین لە گەڕەکی بادلیان و بەشێک لە گەڕەکەکانی هەرێم و باپشتیان، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو، پێویستییان بە دابینکردنی ئاو لە رێگەی تانکەرەوە کەمتر بووەتەوە.
 
لەبارەی پرۆژەکانی سێکتەری ئاو لە سنووری ئیدارەی سۆران، ئەندازیار یوسف ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەکە دەڵێت، لەماوەی ساڵانی رابردوو چەندین پرۆژەی گرنگ لە قەزا و ناحییەکانی ئیدارەکەدا خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە کە بەهایان دەگاتە نزیکەی 20 ملیار دینار و 50٪ـی ئەو پرۆژانەش تەواو کراون.
 
گوتیشی، لە قەزا و ناحیەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چەندین پرۆژە خراونەتەواری جێبەجێکردنەوە کە بەشێکیان تەواوکراون و ئەوەی دیکەش کاریان تێدا دەکرێت بەشێوەیەک؛ لە قەزای رەواندز، دابینکردن و کڕینی تورمپا بۆ پرۆژەی ئاوی بێخاڵ دانانی تۆڕی ئاوی گەڕەکی شەهیدان و قۆناخی یەکەمی پرۆژەی ئاوی دۆڵی خانەقا بە گوژمەی ملیارێک و 528 ملیۆن دینار.
 
لە قەزای چۆمان، پرۆژەی ئاوی ناحیەی قەسرێ و گۆڕینی بۆری ئاوی ناحیەی سمیلان و مامە خەتیبیان زیاتر لە ملیارێک دینار.
 
لەبارەی گرفتی کەمئاوی لە سنووری قەزای خەلیفان، ئاماژەی بەوەکرد، لە سنووری خەلیفان چەند پرۆژەیەک جێبەجیکراون وەکو؛ پرۆژەی ئاوی دۆڵی بیاو لەگەڵ دانانی تۆڕی ئاو بۆ گەڕەکی بناری کۆڕەک و گوندی زەردە گۆم و گۆندی گۆڕەز بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار.
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سۆران، گوتیشی، لە قەزای میرگەسۆر و دەڤەری بارزان، چەند پرۆژەیەک لە سێکتەری ئاوی سنوورەکە بە گوژمەی نزیکەی 5 ملیار دینار خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە. هەروەها لە قەزای سیدەکان، پرۆژەی ئاوی کانیەڕەش، گوندی شیوان، گوندی نزاری، گوندی کەڵەک و شێوە گەرمک بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار و 300 ملیۆن دینار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.