رووداو دیجیتاڵ
شەوی سێشەممە پەرلەمانی تورکیا دانیشتنی نائاسایی خۆی لەبارەی دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵک کرد. بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی یەسەپەش دەڵێت، مووچە بە کەوچک دەدرێتە خەڵک و بە شۆڤڵ پارەیان لێ وەردەگیرێتەوە.
جەهەپە داوایکردبوو پەرلەمان کۆتایی بە پشوو بهێنێت و بە شێوەیەکی نائاسایی کۆببێتەوە؛ دوای ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن واژۆی 200 پەرلەمانتاری بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکە کۆکردەوە، فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی و مەهەپەش چوونە ژوورەوە.
مێراڵ دانش بێشتاش، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی یەسەپە دەڵێت، "خێزانەکانی تورکیا زیاتر لە 70٪یان کێشەی بژێوییان هەیە. مووچە بە کەوچک دەدرێتە خانەنشین، فەرمانبەر و کرێکاران، بەڵام بە دەمی شۆڤڵ پارەیان لێیان وەردەگیرێت."
رۆژی 7ی تەممووز بە بڕیاری سەرۆککۆماری تورکیا، باجی کڕین و فرۆشتن لە 8٪ بۆ 10٪ بەرزکرایەوە کە ئەمە بووە هۆی گرانبوونی نرخی کاڵاکان. پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆنیش رەخنەیان لەو بڕیارە گرت.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، "ئەمە تابلۆیەکی راستەقینەیە کە نیشان دەدات، ئەوانە ناتوانن وڵات بەڕێوەببەن. باجی سەر سووتەمەنی، پارەیەکە لە گیرفانی هاووڵاتی دەدزرێت. ئێمە ئەم گرانکردنەی نرخ بە کۆمەڵکوژییەکی ئابووری دەبینین."
پەرلەمانتارانی بەرەی دەسەڵات دەڵێن، پێشهاتە جیهانییەکان کاریگەرییان لەسەر ئابووری وڵاتان جێهێشتووە. باس لەوەش دەکەن، هەندێک بڕیار ناچارانە دەبێت بدرێن.
عەبدوڵڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی رایگەیاند، "خەرجیی 104 ملیار دۆلاری بوومەلەرزە کە بە کارەساتی 100 ساڵە دەناسرێت، بارێکی قورسی لەسەر ئابووریی وڵات و کەرتی گشتی دروستکردووە. هەربۆیە حکومەت ناچارە بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لەو خەرجییە، باج زیاد بکات."
ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ ئەوەدابوو پەرلەمان لە کارەکانی بەردەوام بێت، بەڵام بە 234 دەنگی بەڵێ و 257 دەنگی نەخێر، بڕیاردرا رۆژی 1-10-2023 پەرلەمان بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ