رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بڕیاریداوە زەوی نیشتەجێبوون بداتە کەسوکاری شەهید و بریندارانی هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی کە بەرگرییان لە کەرکووک کردووە.
رۆژی دووشەممە، 25-09-2023، راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، نووسراوی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی کەرکووک و بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی کەرکووک کردووە بۆ دابینکردنی زەوی بۆ کەسوکاری شەهیدان و بریندارەکان.
لە نووسراوەکەدا راکان جبووری داوایکردووە بە خێرایی زەوی نیشتەجێبوون ئامادەبکرێت، بۆ ئەوەی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی هێزەکانی (بەرگری، ناوخۆ، دژە تیرۆر، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی دیکەدا) دابەش بکرێت.
راکان جبووری داوادەکات لە قۆناخی یەکەمدا شارەوانییەکان لە تەواوی قەزا و ناحیەکان 600 پارچە زەوی و شارەوانیی کەرکووکیش 850 پارچە زەوی دابین بکەن. جبووری باس لەوەدەکات ئەو بابەتە زۆر گرنگە و پێویستە پەلەی تێدا بکرێت، چونکە ئەمانە بەرگرییان لە عێراق و کەرکووک کردووە، دەبێ زەوی بۆ کەسوکارەکانیان دابین بکرێت، بۆیە پێویستە بەڕێوەبەرە پەیوەندارەکان زۆر بە گرنگییەوە ئەوە وەربگرن.
پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، هەر یەک لە عەمید حوسێن حەنەش و یاریدەدەرەکەی راسپاردووە، بەدواداچوون بۆ ئەو کارە بکەن.
لەوبارەوە، فەلاح یایچی، قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک، رۆژی سێشەممە، 26-09-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاڵپشت بە رێنمایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پارێزگاری کەرکووک بڕیاریداوە بەپەلە بکرێت لە دابەشکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی هێزە ئەمنییەکان.
قایمقامی کەرکووک گوتی: "بەردەوامین لە دابەشکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەهید و بریندارەکان، بەهێزەکانی پێشمەرگەشەوە. ئەوانەی لە کەرتی کۆبانێ زەوییان بەسەر دابەشکراوە، ئێستا خەریکی دروستکردنی خانوون."
بەگوتەی فەلاح یایچی، جیاوازی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان ناکەن، بەبێ جیاوازی زەوی بەسەر هەموو ئەوانە دابەش دەکەن کە بەرگرییان لە کەرکووک کردوە و لە پێناویدا قوربانییان داوە، ئەمجارەش پەلە دەکەن لە دابینکردن و دابەشکردنی زەوی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ