دەزگەی روانگە بە وزەی خۆر کارەبای گوندێکی هەولێر دەکاتە 24 کاژێری

26-11-2025
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
گوندی شێخ وەسان دەکەوێتە سنووری شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر.
گوندی شێخ وەسان دەکەوێتە سنووری شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە بەشداربوونی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک و دامەزرێنەری دەزگای روانگە، پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆر بۆ گوندی شێخ وەسان لە سنووری پارێزگای هەولێر کرایەوە، کە بەهۆیەوە کێشەی کارەبای گوندەکە بە تەواوی چارەسەر دەکرێت.
 
دەزگای روانگە لە چوارچێوەی پرۆژەی "گوندی وزەی پاک"، سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبای لە رێگەی وزەی خۆر بۆ 72 ماڵی گوندی شێخ وەسان داناوە. بەمەش رۆژانە هەزار و 237 ئەمپێر کارەبا بۆ گوندەکە دابین دەکرێت.
 
پێشتر دانیشتووانی گوندەکە تەنیا پشتیان بە کارەبای نیشتمانی دەبەست، کە رۆژانە نزیکەی 8 کاژێر بە پچڕپچڕی دەدرا، بەڵام ئێستا بەهۆی پرۆژەکەی دەزگای روانگەوە، کارەبای گوندەکە بووەتە 24 کاژێری.
 
مام کەمال عوسمان، پیاوێکی تەمەن 73 ساڵی گوندەکەیە و دەڵێت، رووناکبوونی ماڵەکەی یەکێک بووە لە ئاواتەکانی. ئەو بەخۆشحاڵییەوە لەبارەی کاریگەری پرۆژەکە بە رووداو گوت: "پێشتر هەر نەمدەویست بێمەوە ماڵەوە، چونکە کارەبا نەبوو و مرۆڤ هیچ حەزی بۆ مانەوە لە ماڵ نەدەبوو، بەڵام ئێستا نا، حەز دەکەیت بەردەوام لە ماڵ بیت، چونکە کارەبا بەردەوام هەیە".
 
خدر حەمەدەمین، دانیشتوویەکی دیکەی شێخ وەسانە و باس لەوە دەکات کە پێشتر دۆخی کارەبایان زۆر خراپ بوو، بەڵام ئێستا ئەو کێشەیەیان لە کۆڵ بووەتەوە.
 
پرۆژەکە تەنیا بۆ رووناککردنەوە نییە، بەڵکو بۆ بەشێک لە دانیشتووان پێویستییەکی سەرەکیتری ژیانە. گوڵناس سلێمان، دانیشتووی گوندەکە دەڵێت: "ئێمە دوو نەخۆشمان هەیە کە بەرکەوتەی چەکی کیمیایین و پێویستیان بە ئۆکسجینی بەردەوامە، بۆیە بوونی کارەبا بۆ ئێمە زۆر زەروور بوو".
 
حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە لەبارەی ئامانجی پرۆژەکە رایگەیاند: "لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیە بۆ گرنگیدان بە گوندەکان، توانیومانە کارەبا بۆ چوار گوند لە رێگەی وزەی پاک دابین بکەین، تاوەکو ببینە هۆکارێک بۆ دووبارە گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر زێدی خۆیان".
 
لە رێوڕەسمەکەدا حەسەن شێخ عەلائەدین، سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، پڕۆژەکە کارەبای 24 کاژێری بۆ دانیشتووانی گوندەکە دابین دەکات.
 
بەگوتەی حەسەن شێخ عەلائەدین، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی دەزگای روانگە لە سێکتەری ژینگەدا، تاوەکو ئێستا لە رێگەی وزەی خۆرەوە، کارەبای 24 کاژێرییان بۆ چوار گوند دابین کردووە.
 
 
گوندی شێخ وەسان بەهۆی کۆمەڵکوژییەکانی رژێمی بەعسەوە لە ساڵی 1987دا 211 قوربانی و ژمارەیەکی زۆر بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەیە. سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە دەڵێت، ''بۆیە بە ئەرکمان زانی کە ئەم پڕۆژەیە بێنینە خزمەت ئێوەی بەڕێزی دانیشتووانی گوندەکە.''
 
حەسەن شێخ عەلائەدین لە بەشێکی قسەکانیدا چالێنجێکی راگەیاند و داوای لە خێرخوازان و رێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد، ''پێکەوە دەستی ئاوەدانیی زیاتر بگەیێنینە ئەم گوندە و گوندەکانی دیکەی کوردستان.''
 
پڕۆژەکە هانی گوندنشینان دەدات گوندەکانیان بە ئاوەدانی بهێڵنەوە و چۆڵیان نەکەن. سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە گوتی: ''بەخۆشییەوە لە ئەنجامی ئەو پڕۆژەیەی لێرە کردوومانە، چەند ماڵێک لە شارەوە هاتوونەتەوە گوندەکەی خۆیان.''
 
شاخەوان سکتانی، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان لە رێوڕەسمەکەدا گوتی، پڕۆژەکە توانای دابینکردنی زیاتر لە هەزار و 237 ئەمپێر کارەبای هەیە و کارەبای 24 کاژێری بۆ 72 ماڵی گوندەکە دابین دەکات.
 
بەپێی ئامارەکانی دەزگای روانگە، لە ماوەی حەوت مانگی ئەم ساڵدا و لە چواچێوەی پرۆژەی وزەی پاک، سێ هەزار و 117 ئەمپێر کارەبایان بۆ 183 ماڵ لە چوار گوندی جیاوازی هەرێمی کوردستان دابینکردووە.
 
*پەیمان محەممەد لە نووسینی ئەم راپۆرتەدا بەشدار بووە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.