رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی هەینی لە بەردەم ماڵی خۆیان لە سلێمانی "بە چەقۆ" هێرشکرایە سەر غالب محەممەد، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق و بریندارکرا. ئێستا تەندروستیی غالب محەممەد باشە. پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، سەرەداومان لەسەر هێرشکارەکە دەستکەوتووە و دکتۆر غالبیش گوتویەتی، ئەگەر هێرشکارەکە بێتە بەردەمم دەیناسمەوە.
هەرچەندە لە کامێراکانی چاودێریی ماڵەکەی غالب محەممەد هێرشکارەکە بە روونی دەرکەوتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت.
وریا محەممەد، هاوڕێی غالب محەممەد هێرشەکە بە "هەوڵی تیرۆرکردن" ناودەبات و بە رووداوی راگەیاند "کاتێک د.غالب لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت کەسێک هێرشدەکاتە سەری و برینداری دەکات. هێرشەکەش بۆ سەر دەم و چاوییەتی و بەرنامە بۆ داڕێژراویش بووە."
ماڵی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان لە گەڕەکی سلێمانیی تازەیە، گەڕەکێکی قەرەباڵخ لە ناوەندی شاری سلێمانی. رووداوەکە لە کامێرای ماڵانەوە تۆمارکراوە، دوای ئەوەی غالب محەممەد بە ئۆتۆمبێل گەڕاوەتەوە ماڵەوە، هێرشیان کردووەتەسەری.
غالب محەممەد دەڵێت، هەرێمی کوردستان بە ئارام دەزانم و پاسەوان لەگەڵ خۆم نابەمە هیچ شوێنێک جگە لە بەغدا، بۆیە لەکاتی هێرشەکەش پاسەوانەکانم لەگەڵ نەبوون، چاوەڕێم دەزگا ئەمنییەکان دەستی ئەو دەسترێژیکارە ئاشکرا بکەن.
د.غالیب محەممەد، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی هیوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "مانگێک پێش ئێستا لە دەزگای هەواڵگریی عێراق تەلەفۆنم بۆ کرا کە هەڕەشەم لەسەرە، بە فراکسیۆنی گۆڕانیشم گوت و ئەوان گوتیان کە هێز بنێرین بتپارێزین و بە سلێمانیشمان گوتووە [هێزە ئەمنییەکان] بتپارێزن، بەڵام پێم عەیبە هێزبێنم و ئەمسەر و ئەمسەری کۆڵانەکەم دابخەم بۆ ئەوەی خۆم بپارێزم، بەڕاستی ئەمە عەیبەیە."
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "من پاسەوانم هەیە و کە دەڕۆمە بەغدا هەموویانم لەگەڵە، بەشێکیان لێرەن [سلێمانی] بەشێکی دیکەش لە بەغدان. 17 رۆژ پاسەوانەکان لە بەغدا لەگەڵمان، بەڵام کە دێمەوە بۆ سلێمانی پێویست ناکات و دەبێت بچنەوە ماڵەوە، خۆ ئەوانە عەبدی من نین."
قایمقامی سلیمانی دەڵێت، لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردوە و تێکدانی ئارامی سلێمانی و هێرش بۆ سەر پەرلەمانتارانی هەر لایەنێک لە هیچ کەس قبووڵ ناکەین.
ئاوات محەممەد، قایمقامی قەزای ناوەندیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەداخەوە، ئەو کارە ترسنۆکانەی ئەنجامدراوە بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنە دەکەین، پشتگیری لە هەموو دەنگێکی ئازاد لەنێو شاری سلێمانی دەکەین و شاری سلێمانیش لەگەڵ ئازادییەکاندایە و شارێکی ئارامە، دڵنیام بە رووداوێکی لەم شێوەیە نائارامی لەنێو شاری سلێمانی دروست نابێت و هێزە ئەمنییەکانیش سەرقاڵی جێبەجێکردنی رێکارەکانیانن."
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئێمە هەر زوو چووینەتە شوێنی رووداوەکە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و بەدڵنیاییەوە دەستگیریش دەکرێت. دەشڵێت "سەرەداومان دەستکەوتووە و دکتۆر غالبیش گوتویەتی، ئەگەر هێرشکارەکە بێتە بەردەمم دەیناسمەوە."
ئێوارەی رۆژی هەینی 26-02-2021، لە بەردەم ماڵی خۆیان لە سلێمانی، "بە چەقۆ" هێرشکرایە سەر غالب محەممەد، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق و بریندارکرا. دوای چارەسەرکردنیشی لە نەخۆشخانە، رەوانەی ماڵەوە کرایەوە. دوای هێرشەکەش د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هێرشکردنە سەر غالب محەممەد، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی هیوا لە پەرلەمانی عێراق "بەتووندی" سەرکۆنە کرد و گوتی؛ لایەنە ئەمنییەکان بۆ دۆزینەوەی هێرشکارەکان راسپێردراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ