لیژنەی باڵای کۆرۆنا لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەکان کۆدەبێتەوە

27-04-2021
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی کاژێر 02:30 خولەک لیژنەی باڵای کۆرۆنا لە وەزارەتی ناوخۆ کۆببێتەوە. پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، سبەی بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و سەرپەرشتیاری یەکە ئیدارییەکان لیژنەی باڵای کۆرۆنا کۆدەبێتەوە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکە لەژێر رۆشنایی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی بڕیارەکانی خۆی لەسەر رێکارەکانی خۆپارێزی و کردنەوە یان نەکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دەدرێت.
 
دکتۆرە چیمەن تەها، بەرێوەبەری گشتیی خۆپاراستن لە وەزارەتی تەندروستی و ئەندامی لیژنەی باڵای کۆرۆنا بە رووداوی راگەیاند، راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی ئێستا ئامادەیە.
 
دکتۆرە چیمەن ئاماژەی بەوەش دا، لە راپۆرتەکەمان پێشنیازکراوە بەهۆی نزیکبوونەوە لە جەژنی رەمەزان و قەرەباڵخبوونی بازاڕەکان، رێکارەکانی خۆپارێزی تووندتر بکرێن، بەڵام پێشنیازی قەدەخەی هاتووچۆ نەکراوە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دکتۆرە چیمەن گوتیشی، ئێستا هەرێمی کوردستان لە هێڵی پرتەقاڵی مەترسییەکانی کۆرۆنایە و ئاستەکە نەگەیشتووەتە هێڵی سوور، بۆیە ئەگەر رێکارەکانی خۆپارێزی لە قوتابخانەکان وەک خۆی پەیڕەوبکرێت و گەرەنتی بدرێت، دەکرێت دەرگای قوتابخانەکان بێنەوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی دەگەڕێتەوە بۆ لیژنەکە لە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان یان وەک ئێستا بەداخراوی بمێننەوە.
 
لە نوێترین راگەیێندراویدا لەبارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 7,502 پشکنین کراون، لەو ژمارەیە 969 کەسیان تووشبووی دەستنیشانکراوی نوێی کۆرۆنان و 878 تووشبووی پێشووش چاکبوونەتەوە و 19 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
بەپێی راگەیێنداوی وەزارەتی تەندروستی، لە 1ی ئاداری 2020ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ 27ی نیسانی 2021، بەگشتی ملیۆنێک و 614 هەزار و 201 پشکنین کراون، 148 هەزار و 109 تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراون، لەو ژمارەیە 124 هەزار و 628 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 989 تووشبووشیان گیانیان لەدەستداوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە