هەفتەی داهاتوو مۆڵەتی دروستکردنی خانوو دەدرێتە خاوەن زەوییەکانی 8ی حەسارۆک

27-05-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هەشتی حەسارۆک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت ئەو هاونیشتیمانیانەی لە گەڕەکی 8ی حەسارۆکی هەولێر زەوییان هەیە، بۆ رێگەپێدان و وەرگرتنی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو دەتوانن لە یەکشەممەی داهاتووەوە سەردانی فەرمانگەی خزمەتگوزاریی 8ی حەسارۆک بکەن، کە لەو شوێنە کراوەتەوە.
 
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر  بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ ئاسانکاری و خێرا بەڕێوەچوونی کارەکانی خاوەن زەوییەکانی گەڕەکی هەشتی حەسارۆک بڕیاری کردنەوەی فەرمانگەیەکمان لەسەر زەوییەکە داوە، بۆ ئەوەی هاونیشتیمانییان قەرەباڵخی لە شارەوانییەکان دروست نەکەن و کارەکانیان بۆ ئاسان بکەین".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی ئایاری 2021، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ زوو چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی زەوییەکانی کەرتی 8ی حەسارۆک لە شاری هەولێر، فەرمانگەی خزمەتگوزاری 8ی حەسارۆک کرایەوە.
 
مەسعود کاڕەش گوتی ئەو فەرمانگەیە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی کارەبا، ئاو و ئاوەڕۆکان، شارەوانییەکان لە خۆدەگرێت و بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەکانی هاونیشتیمانییان، ژمارەیەک ئەندازیار و رووپێوکار و فەرمانبەری شارەوانی لەو شوێنە دەبن.
 
سەبارەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکەکە، مەسعود کاڕەش گوتی: "ئێمە چاوەڕێی ژمارەی داواکارییەکانی هاونیشتیمانییان دەکەین و بزانین چەندە، چەند ئەوان زۆر و خێرابن، ئێمەش خزمەتگوزارییەکان دەگەیێنین، بۆ ئەوەی زوو گەڕەکەکە ئاوەدانبکرێتەوە".
 
هەشتی حەسارۆک، یەکێکە لە گەڕەکە گەورەکانی شاری هەولێر و دەکەوێتە سەر رێگەی کۆیە، زەوییەکانی ئەو گەڕەک، کە ژمارەیان 16 هەزار پارچە زەوی دەبێت نزیکەی 15 ساڵە دابەشکراون، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری چەندین جار خاوەن زەوییەکان گردبوونەوە و داوای خزمەتگوازییان کرد. لەم مانگەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە سەر زەوییەکان و بەڵێنی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەکەکە دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە