رووداو دیجیتاڵ
ناوچەکانی سنووری کانی ماسێ لە شوێنە گەشتیارییەکانن، پێشتر لەم کاتەی ساڵدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە، گەشتیارێکی زۆر رووی لێدەکردن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەو مەترسییانەی شەڕی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دروستیکردوون، سەرەڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، گەشتیاران روویان لێناکەن.
عوبەید دەروێش، خاوەنی شوێنی گەشتیاری باس لەوە دەکات، ئەوان خەڵکی ناوچەکەن و شارەزان، بەڵام ئەوانەی شارەزای شوێنە گەشتیارییەکە نین، دەنگی تۆپێک دەبیستن دەڕۆن، ئەمەش زەرەر و زیانی بۆمان هەیە، دەشڵێت "سێ بۆ چوار دەفتەر دۆلارم لێرەدا خەرجکردووە و ئەمەش زەرەرە، ئەگەر بمانزانیایە ئەم کارەمان نەدەکرد".
گوندی هرور یەکێکە لەو گوندە گەشتیارییانەی کە ساڵانە بە سەدان گەشتیار رووی لێدەکەن، کەوتووەتە سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و بە نزیکەیی رۆژانە لەنزیکی گوندەکە بۆردوومان هەیە. سەر کانی و ژێر دارەکان شوێنی کۆبوونەوەی گەشتیاران بوون، بەڵام ئێستا خەڵکی گوندەکەش ناتوانن سەردانیان بکەن.
حەسەن هروری، دانیشتووی گوندی هرور ئاماژە بەوە دەکات، لە دهۆک، زاخۆ و موسڵەوە بە پاس خەڵک دەهاتن بۆ جێگە گەشتوگوزارییەکانی وەکو سۆلاڤ، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە کەس نەهاتووە، هەرچەندە هەندێک گەنج دێن، بەڵام زوو دەڕۆن.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری دهۆک، 900 بنکەی گەشتیاری لە پارێزگاکە هەن، هێشتا چەندین شوێنی گەشتیاری هەن کە بە فەرمی لەلایەن ئەوانەوە تۆمارنەکراون، وەکو خەڵکی سنووری کانی ماسێ دەڵێن، 12 شوێنن و ساڵانە بە سەدان گەشتیار روویان لێدەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ