رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی نەهێشتنی دیاردەی شەڕەسەگەوە یاداشتێک دراوەتە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامێکی ئەو ئەنجوومەنە رایدەگەیێنێت کە گرەوی گەورە و بازرگانی بە شەڕەسەگەوە دەکرێت.
کاسترۆ مەعرووف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بە داخەوە شەڕەسەگ چەند جار کێشەی کۆمەڵایەتیی لێ کەوتووەتەوە. زۆر جار ئەو شەڕەسەگە بۆ گرەوی گەورە لەسەر پارە بەکاردەهێنرێت و تەنانەت بازرگانی بەو جۆرە سەگانەوە دەکرێت. دەیان نموونە هەیە کاتێک سەگەکە لە شەڕێکدا دۆڕاوە، خاوەنەکەی کوشتوویەتی یان زیاتر ئازاری داوە."
دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی نەهێشتنی دیاردەی شەڕەسەگەوە یاداشتێکیان داوەتە ئەنجوومەنەکەیان بۆ ئەوەی رووبەڕووی ببنەوە.
کاسترۆ مەعرووف گوتی: "پاریش کارمان لەسەر ئەم بابەتە کرد و ئەو کات وەستێنرا، بەڵام ئەوە ماوەیەکە سەری هەڵداوەتەوە. بۆیە لەگەڵ سکرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی یاداشتێکمان ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە و لەوێیشەوە ئاراستەی ئیدارەی راپەڕین کراوە کە پێشنیازمان کردووە ئەم بابەتە بووەستێنرێت."
بەشەڕدانی سەگ دیاردەیەکی جیهانییە و لە زۆربەی وڵاتاندا قەدەخەیە و بە نهێنی لە گۆڕەپانی تایبەتدا دەکرێت. لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن لە شوێنی تایبەت و دوور لە ئاوەدانیدا کۆدەبنەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی: "گۆڕەپانێکی گەورە بۆ بەشەڕدانی سەگ سازکراوە، لە تەواوی ناوچەکانەوە سەگ بۆ سنووری ئیدارەی راپەڕین دەهێنرێت و چەند سەد کەس کۆ دەبنەوە و سەیری دەکەن. زیاتریش لە گوندەکان دەکرێت. لە هەولێر، سلێمانی و گەرمیانەوە سەگ بۆ بەشەڕدان دەهێنرێنە راپەڕین. لە گوندەکانی سنووری ئیدارە راپەڕین ناوچەیەک هەیە بە ناوی بانووەقەل کە گۆڕەپانی تایبەتی هەیە. لەلای دەربەندی رانییە شوێن هەیە. هەروەها لە گەرمیانیش هەیە، بەڵام لە ئیدارەی راپەڕیندا زیاترە."
کاسترۆ مەعرووف ئاماژەی بەوە دا، لە هەرێمی کوردستاندا هیچ یاسایەک لەبارەی بەشەڕدانی سەگانەوە نییە و ئەوان لەگەڵ دەستەی ژینگە و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستاندا لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی یاسایەک لەو بارەیەوە دەربچێنرێت.
ناوچەی پشدەر کە دەکەوێت سنووری ئیدارەی راپەڕینەوە، بە سەگی پشدەر بەناوبانگە و بەشێک لەو سەگانەی بۆ شەڕەسەگ بەکاردەهێنرێن، لەو جۆرە سەگەن کە ئازا و دڕن.
سەگی پشدەر پێشتر تەنیا بۆ پاسەوانی بەكارهاتووە، بەڵام ئێستا جگە لە پاسەوانی، بۆ جوانی و مەبەستی بازرگانییش بەخێودەكرێت. نرخی جۆرە دەگمەنەكانی گەیشتووەتە سەرووی 25 هەزار دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ