رووداو دیجیتاڵ
هێرشی درۆنەکانی دوێنێی سەر هەولێر دەبێتە چوارەم هێرش لە ماوەی کەمتر لە ساڵێكدا، ئەو هێرشانە دووانیان زیانی گیانی و ماددی و هەر چواریشیان زیانی ماددی هەبووە، هێرشەکان کە هێشتا دیار نییە کێ کردوونی، بەڵام بەرپرسانی هەولێر دەڵێن لێکۆڵینەوە بەردەوامە و هەموو شتێك ئاشکرا دەکەن.
هێرشکردنە سەر گوندێكی هەولێر بە درۆن دەبێتە دووەم رووداوی لەو شێوە لە ماوەی 70 رۆژی رابردوودا کە پێشتر لە رۆژئاوای هەولێر و ئەمجارەش لە باکووری هەولێر بوو.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پەرە بە سیستەمی تێکشاندنی فڕۆکەی بێفرۆکەوان دەدات و لەوبارەوە تاقیکردنەوەی سەرکەوتووی کردووە،
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دەردەکەوێت پاشماوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانە لە گوندێکی نزیکی شاری هەولێر. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەو بارەوە رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا ناسنامەی ئەنجامدەرانی ئەو کارە ئاشکرا نەبووە، بەڵام بەزووترین کات ئاشکرا دەبێت، گرنگ ئەوەیە کە ئامانج لێی کارێکی تێکدەرانە و تیرۆریستی بووە.. دڵنیایی بە خەڵکی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەدەین هەولێر ئارامە. سەرەڕای ئەوەی چاوی دووژمنانی لەسەرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی تەواومان بە هێزەکانی ئاسایشی هەولێر هەیە کە لەسەر هەموو ئاستەکانی بە چاوکراوەیی دەرهەق بەو کەسانە دەوەستنەوە."
هێرشەکە بە دووری 3 کیلۆمەتر لە نزیک باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانە ئەمریکا روویداوە. کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا. ئەم هێرشە ئاماژەیەکی روونی پێشێلکارییە بەرامبەر سەروەریی عێراق".
دەستگەیشتنی ئەو گرووپە هێرشکارانە بە درۆن و چەکی پێشکەوتوو، بووەتە جێگەی پرسیار. ئیحسان قەیسوون، شرۆڤەکاری سەربازی دەڵێت، "ئاخۆ ئەو فڕۆکانەی کە لە نمایشە سەربازییەکەی ئەو گرووپە وەلائییانەدا بینییانمان بە گرێبەستێکی پڕچەککردنی واژۆکراو لە نێوان حکومەتی عێراق و ئێران هێنراون؛ یاخود ئێران ئەو فڕۆکە و مووشەکانەی بەو گرووپە وەلائییانە داوە بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراق؟ ئەم پرسیارە لە بەڕێز کازمی دەکەم، هەر ئەو مووشەک و ئەو فڕۆکانە وا دەبینین سەقامگیری دەکەنە ئامانج و تێکیدەدەن و هەڕەشە لە ئاسایش و سەروەری و ئاشتی دەکەن لە هەرێمی کوردستان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ