ستران عەبدوڵڵا: ئەمڕۆ هەموو ئۆرگان و دەزگاکانی یەكێتی هەڵدەوەشێنەوە

27-09-2023
سۆران حوسێن
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداریی 600 ئەندام لە شاری سلێمانی دەستپێدەکات. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە دەڵێت، ئەمڕۆ هەموو ئۆرگان و دەزگاکانی یەكێتی هەڵدەوەشێنەوە و سەرکردایەتیی حیزبەکە ئەرکەکانی رادەستی کۆنگرە دەکات.
 
پێش دەستپێکردنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "کۆنگرەیەکی سەرکەتوو بەڕێوەیە".
 
ستران عەبدوڵڵا لە وەڵامی پرسیارێکی هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداودا لەبارەی کارەکانی ئەمڕۆی کۆنگرە گوتی، "ئەمڕۆ پێشوازی لە میوانان دەکەین؛ دواتر سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەرکەکانی رادەستی لیژنەیەک دەکات کە کۆنگرە بەڕێوەدەبات و هەموومان دەبینە ئەندامێکی ئاسایی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان".
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، ئەمڕۆ بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتی، هەموو ئۆرگان و دەزگاکانی حیزبەکە هەڵدەوەشێنەوە و تاوەکو کۆتایی کۆنگرە هەموویان دەبنە ئەندامی کۆنگرە.
 
هاوکات غازی کەرکووکی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و ئەندامی کۆنگرە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ دیار نییە کە سەرۆکی یەکێتی جێگری دەبێت یان نا. گوتیشی، سەرۆکی یەکێتی بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە هەڵدەبژێردێت.
 
غازی کەرکووکی ئاماژەی بەوەشکرد، روون نییە کۆنگرە چەند رۆژ دەخایێنێت و گوتی، رۆژەکانی کۆنگرە بەگوێرەی گفتوگۆی نێو کۆنگرە دەبێت و کەی بەرنامەکانی کۆنگرە تەواوبوون کۆتایی دێت.
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 1-06-1975 دامەزراوە و ئەندامی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵە.
 
- لە حوزەیرانی 1975 بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتی لە دیمەشق راگەیێندرا. 
- لە ساڵی 1992 یەکەمین کۆنگرەی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەست و 793 ئەندام بەشداربوون.
- لە ساڵی 2001 دووەمین کۆنگرەی بە بەشداریی 1247 ئەندام لە سلێمانی بەست. 
- لە ساڵی 2010 بە بەشداریی زیاتر لە 1500 ئەندام، کۆنگرەی سێیەمی بەست. 
- لە ساڵی 2019 بە بەشداریی زیاتر لە 1000 ئەندام کۆنگرەی چوارەمی بەست و بۆ یەکەمجار سیستمی هاوسەرۆکیی پەسندکرد.
 
هەروەها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنج پلنیۆمی بەستووە.
- ساڵی 1990 لە قاسمەڕەش یەکەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 1995 لە هەولێر دووەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2007 لە قەڵاچوالان سێیەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2009 لە سلێمانی، چوارەمین پلنیۆمی بەست
- ساڵی 2013 لە سلێمانی، پێنجەمین پلنیۆمی بەست
 
جگە لە کۆنگرە و پیلینۆمەکان یەکێتی لە تەمەنیدا دوو کۆنفرانسیشی سازکردووە:
- لە 31-8 تاوەکو 12-9-1977 لە برادۆست.
- 2-18ـی ئاداری 1980 لە ناوزەنگ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کچەی یانەی زاخۆی بە هەموو دنیا ناساند

یانەی زاخۆ وەک یەکەم یانەی ئاسیا خەڵاتی باشترین هاندەری فیفای بردەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) خەڵاتی باشترین هاندەری 2025ـی بە یانەی زاخۆ بەخشی، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە دەیان هەزار بووکەڵە و یاریی منداڵانیان هەڵدایە نێو یاریگە و دواتر بە منداڵانی نەخۆش بەخشران.