رووداو دیجیتاڵ
تەرمی هاونیشتمانییەکی دانیشتووی ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی، لەسەر رووباری ئاڤاشین لە سنووری ناحیەکە دۆزرایەوە، کەسوکارەکەی دەڵێن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
ئەو کەسە، کە ناوی وەزیر تەیبە و خەڵکی گوندی سیتەی سەر بە ناحیەی شیلادزێیە، شەوی رابردوو تەرمەکەی لە نزیک رووباری ئاڤاشین دۆزراوەتەوە.
میقداد یوسف، کە موختار گوندى سیتەیە و ئامۆزاى وەزیرە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر دووی شەو گوێمان لە دەنگی تەقە بوو، بەرەو شوێنی دەنگی تەقەکان چووین، لەوێ تەرمی وەزیرمان دۆزییەوە، تەرمەکەمان هەڵگرتەوە و هێنامانەوە شیلادزێ و بە خاکمان سپارد".
سەبارەت بە هۆکاری کوشتنی وەزیر و ئەو لایەنەی تەقەی لێکردووە، میقداد گوتی: "ئێمە لەوە دڵنیاین لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە تەقەی لێکراوە، بەڵام نازانین لەسەرچی و بۆچی تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە".
میقداد دەڵێت داوایان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، هۆکاری کوشتنی ئامۆزاکەی ئاشکرا بکەن، بۆیە جارێ پرسەی بۆ دانانێن.
موقەدەم هێمن سلێمان، گوتەبێژى پۆلیسى پارێزگاى دهۆک بە رووداوی راگەیاند ئاگادارى ئەو رووداوەن و دەستیان بە لێکوڵینەوە لە رووداوەکە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ