ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: تاوەکو 30ـی مانگ بەغدا 700 ملیارەکە دەنێرێت

27-10-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن شاندی کوردستان لە بەغدا مووچەی فەرمانبەران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تاوەکو 30ـی ئەم مانگە عێراق 700 ملیارەکە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
 
رۆژی هەینی، 27ـی ئۆکتۆبەری 2023، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو 30ـی ئەم مانگە حکومەتی عێراق 700 ملیار دینارەکە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت."
 
بەگوێرەی رێککەوتنێکی هەولێر و بەغدا، بڕیارە حکومەتی عێراق سێ بڕی 700 ملیاری بۆ مووچەی مانگەکانی 9، 10 و 11ـی هەرێمی کوردستان بنێرێت. هەرچەندە لە عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 کۆتایی هاتووە، تاوەکو ئەمڕۆ 700 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە. لەبارەی هۆکاری دواکەوتنەکەیەوە، جەمال کۆچەر گوتی، "عێراق وەکو پارەی مووچە لەو 700 ملیارە ناڕوانێت بۆیە دوای دەخات. ئەوان ناردنی پارەکە وەکو بۆ دامەزراوەیەکی بنێرن هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن، نەوەکو بۆ مووچەی مووچەخۆران."
 
24ـی ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە بەغدا لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەولێر بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مووچەخۆران دابەشبکات، رایگەیاند، بەو شێوەیە بەردەوام دەبن کە رێککەوتنی لەسەر کراوە و لە مانگی 12ـی ئەم ساڵیشدا پاکتاوی دارایی دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت چەند پارەیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و شایستەی هەرێمی کوردستان چەندە.
 
14ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووەوە. دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا یەک پشکی ئەو 700 ملیارە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە و لەگەڵ داهاتی نێوخۆدا دراوە بە مووچەی مانگی تەممووز. هێشتا مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە.
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن