رووداو دیجیتاڵ
کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە کەرکووک دادەنرێت. پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، کۆمپانیاکانی ئەمریکی و ئەڵمانی تێیدا پشکیان دەبێ و دەرفەتی کار بۆ نزیکەی لە پێنج هەزار کەس دەڕەخسێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 27-10-2025، بە ئامادەبوونی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، بەردی بناخەی کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکە دانرا. رێبوار تەها لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئەمە رووداوێکی گرنگە بۆ کەرکووکییەکان و هەموو خەڵکی عێراق.''
گوژمەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە 300 ملیار دینارە. پارێزگاری کەرکووک گوتی، کۆمپانیاکانی ئەمریکی و ئەڵمانی لە دروستکردنیدا بەشدارن و پاشان لە کارگەکەشدا پشکیان دەبێت.
بەگوتەی رێبوار تەها، 35٪ـی کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل لەو کارگەیە، لە وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا و تورکیاوە هاوردە دەکرێن و 65٪ـیشی هەر لەنێو کەرکووک دروست دەکرێن.
پارێزگاری کەرکووک گوتی: ''کارگەکە دەرفەتی کار بۆ نزیکەی پێنج هەزار گەنج دەڕەخسێنێت و لەمەودوا ئابووریی کەرکووک بەرەوپێشەوە دەچێت.''
ئەو ئۆتۆمبێلەی بڕیارە لە کارگەکەدا دروست بکرێت، ناوی ''ئۆرک'' دەبێ. رێبوار تەها دەڵێت، ''لەبەر ئەوەی کۆمپانیا ئەمریکی و ئەڵمانییەکان تێیدا بەشدارن، ئۆتۆمبێلەکان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان دروست دەکرێن و هەناردەش دەکرێن.''
پارێزگاری کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، نرخی ئۆتۆمبێلی دروستکراوی کارگەکە بەراورد بە ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو گونجاوتر دەبێ، ''چونکە کاتێک ئۆتۆمبێلێک لە شارەکەی خۆت دروست دەکرێت، بێگومان پێویست بە گومرگ ناکات و نرخەکەی زۆر کەمتر دەبێت لە ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو. ئەمە هەمووی دەبێتە کارئاسانی بۆ دانیشتووانی وڵات بەتایبەتی لە کەرکووک.''
بەردی بناخەی پڕۆژەکە لە ناحیەی لەیلانی کەرکووک دانراوە و وەک رێبوار تەها گوتی، ''یەکەم کارگەی ئۆتۆمبێلە لە مێژووی عێراق و کەرکووکدا.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ