شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی و حکومەتی هەنگاریا کۆبوونەوە

27-11-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن پێشمەرگە هەنگاریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە، بەسەرۆکایەتی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەنگاریایە و لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی و حکومەتی هەنگاریا کۆبوونەوە و باسی رێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە.
 
شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی و حکومەتی هەنگاریا، باسیان لە پەیوەندیەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای هەنگاریا، هەروەها حکومەت و خەڵکی هەنگاریا و کوردستان کردووە.
 
شاندەکەی وەزارەتی پێشمەرگە کە بە ئەندامێتی مستەفا چاوڕەش بەرپرسی هێزەکانی 70، سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری شەش، نەجات عەلی بەرپرسی هێزەکانی 80، لیوا روکن بەختیار محەممەد راوێژکاری وەزارەتی پێشمەرگە، شیخ جەلال شێخ ناجی بەرپرسی هەواڵگری، عەمید روکن محەممەد سەعید بەرپرسی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگەیە، لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا کۆبوونەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا سوپاسی "قارەمانێتی و گیانفیدایی پێشمەرگەی کرد، لە شەڕی تیرۆردا، بەتایبەت رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و تێکشکاندنیان".
 
دواتر شاندەکەی پێشمەرگە، لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپای هەنگاریا کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە پتەوترکردن و بەردەوامیدان بە پەیوەندیی و هەماهەنگییەکان کرد. سەرۆکی ئەرکانی سوپای هەنگاریا بەڵێنیدا، کە بەردەوام دەبن لەهاوکاریی و هەماهەنگیکردن لەگەڵ پێشمەرگە لە رووی سەربازییەوە، دڵنیاییشیدا، لە مانەوەی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
 
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سوپا و حکومەتی هەنگاریای کرد، بۆ ئەو هاوکارییانەی، کە لە رووی لۆجیستی و مەشق و زانیارییەوە، پێشکێش بەهێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە.
 
شاندەکە هەروەها بەشداریی کۆنفرانسێکی ئەکادیمی و سەربازییان کرد، کە تایبەت بوو بە بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق. لەکۆنفرانسەکەدا، باس لەچەند تەوەرێک کرا، لەوانە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و ئەنجامەکانی، سیاسەتی وڵاتی هەنگاریا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، لەڕووی سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە و کورد وەک هێزێکی کاریگەر پێناسەکرا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.
 
رێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تەوەرێکی دیکەی کۆنفرانسەکە بووە. لەکۆتاییدا هەر لەم کۆنفرانسەدا هەریەک لە لیوا روکن بەختیار راوێژکاری وەزیری پێشمەرگە، عمید روکن محەممەد، بەڕێوەبەری پەیوەندیی و هەماهەنگیی وەزارەت بەوردی باسیان لە قۆناخەکانی چاکسازی و بەرەو پێشچوونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرد، هەروەها باسیان لە دروستکردنی دوو لیوای هاوبەش و سەنتەر و بنکەکانی هەماهەنگیی هاوبەش کرد، لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کاتی کردنەوەی سەنتەرەکە.

یەکەمین "ناوەندی خانووبەرە" لە هەولێر کرایەوە

یەکەمین سەنتەری خانووبەرە لە هەولێر کرایەوە، کە گەورەترین ناوەندی خانووبەرەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەسەر رووبەری دوو هەزار مەتر دووجا دروستکراوە.