راگەیێندراوی کۆمەڵە لەبارەی یەکگرتنەوەیان: جیایی زیانی پێگەیاندین

27-11-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

19ـی ئەم مانگە هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران یەکیان گرتەوە، لە راگەیێندراوی یەکگرتنەوەشیاندا کە رۆژی یەکشەممە 27-11 بڵاوکراوەتەوە دەڵێن، جیایی زیانی پێگەیاندوون و لەمەودوا لەژێر ناوی "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران) دا کار و چالاکی دەکەن. 
 
راگەیێندراوەکە لەلایەن کۆمیتەی هاوبەش بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، یەکگرتنەوەکەیان دوای ساڵ و نیوێک لە "دیالۆگی هاوڕێیانە و چڕوپڕی نێوانمان لە ئاستی جۆراوجۆری حیزبیدا" بووە.
 
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەڵێت، "هەموومان دەزانین کە جیایی زیانی پێگەیاندین و خەسارەکانی دەناسین. بە خۆشییەوە جیاوازیی سیاسی و روانگە، هۆکاری سەرەکیی دابڕانەکە نەبوو، دابڕان لە خەت و گوتاری سیاسیی کۆمەڵە قەت نەبووە بە کەلێن لەنێوانماندا و لەو بارەوە لێک دانەبڕاین."
 
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ساڵی 2007 لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران جیابووەوە و عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری گشتیی حیزبەکە بوو. لە راگەیێندراوەکەیاندا ئەوەش هاتووە، ئێستا "یەکگرتووتر و بە گوڕ و تەوژمێکی نوێوە بۆ ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە تێدەکۆشێت."
 
دوای یەکگرتنەوەکە، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەڵێت، ئەوان خوازیاری پەوەندیی پتەون لەگەڵ "هەموو رەوتی دیموکرات و پێشکەوتنخواز و هەموو ئۆپۆزیسیۆنی سێکۆلاری ئێران. ئێمە هاوکات لەگەڵ بەرگری لە بەرژەوەندیی باڵا و داخوازیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و پتەوکردنی یەکێتیی ئەوڕۆی حیزبە سیاسییەکان، پێمانوایە کوردستان دەتوانێ و بۆی هەیە دەوری کاریگەری هەبێ لە داڕشتنەوەی قەوارەی سیاسیی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی."
 
کۆمەڵە باسی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیشی کردووە کە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کە بە گوتەی باوکی بۆ رووداو لەلای پۆلیسی رەوشت زەبر بەر سەری کەوتووە و کوژراوە، دەستیپێکردووە. دەڵێن، "ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و شۆڕشی ژینا (مەهسا) دەریخست بزووتنەوەی کوردستان پێشەنگی یەکسانیی رەگەزی، دیموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سێکۆلاریزم و ئازادیی سیاسییە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە "کۆمەڵە خۆی بە بەختەوەر دەزانێ لە دەیان ساڵ خەباتی سەربەرزانەیدا بۆ پێکهاتنی ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتی و پێشەنگایەتییەی ئەمڕۆی کوردستان، دەوری چالاکی هەبووە. بۆیە ئەو پێشەنگایەتی و ئەو رێبازە کە خۆی لە درووشمی ژن، ژیان، ئازادی دا دەبینێتەوە، وەک گلێنەی چاو دەپارێزین."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی پێنج حیزبەکەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ئێران

سازمانی دیموکراتیکی یارسان داوای بەئەندامبوون لە ''هاوپەیمانیی کوردستانی'' دەکات

شورای ناوەندیی سازمانی دیموکراتیکی یارسان (سدی) کە رێکخراوێکی سیاسیی کوردییە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا رەخنە لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی ئەندام لە ''هاوپەیمانیی کوردستانی'' دەگرێ و دەڵێت، ئامادەی قبووڵکرنی ئەوان لە هاوپەیمانییەکەدا نەبوون.