دڵشاد شەهاب لەبارەی رۆژئاوای کوردستان: خەریکە مەترسیی شەڕی وێرانکەر نامێنێت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەڵێ، هەندێک ئاماژەی باش هەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''پێموایە قۆناخی مەترسیی شەڕی ماڵوێرانکەر خەریکە تێدەپەڕێت.''
 
ئەمڕۆ چواشەممە 28-01-2026، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سۆران، تیشکی خستە سەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریا و رایگەیاند: ''سەرکردایەتیی سیاسی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی جەنابی سەرۆک بارزانی بەر لە هەموو کەسێک هەنگاوی جیدی و کردەییان ناوە و هەموو توانا و پەیوەندییەکانی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان بەکارهێناوە.''
 
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بە هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ''بەدواداچوونێکی وردی رۆژ بە رۆژی هەیە بۆ پارێزگاریکردن لە تەبایی، ئاشتەوایی و دۆزینەوەی رێگەیەکی گونجاو کە رۆژئاوای کوردستان لە شەڕ بپارێزرێت، هەروەها مافی گەلی ئێمە لەوێ پارێزراو بێ.''
 
لە 6ـی مانگەوە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەستیپێکردووە و بەهۆیەوە هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باس لە درێژکردنەوەی ئاگربەست دەکات و دەڵێت، ''هەنگاوی زۆر باش نراون. لەکاتێکدا مەترسیی روودانی رووداوی زۆر گەورە هەبوون، لەگەڵ دۆستانی نێودەوڵەتیی خۆمان بەتایبەتی ئەمریکا و فەرەنسا بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەین''.
 
دڵشاد شەهاب رای گشتیی وڵاتان سەبارەت بە کورد بە ئەرێنی دەزانێت و جەختی لەوەش کردەوە، ''رای گشتی، دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئەم ناوچەیە هیچ کات سەقامگیری و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، تاوەکو گەلی کوردستان بە مافەکانی خۆی شاد نەبێ.''
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەنگاوەکانیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: ''لە قۆناخی یەکەمدا هەموو ئامانجمان ئەوە بوو شەڕ رابگیرێت، ئەوە کرا و ئێستاش لەو ماوەیەدا کە ئاگربەست درێژکراوەتەوە، ئومێدێکی زۆر هەیە. هەندێک ئاماژەی باش هەن کە رەنگە نەگەیشتبنە ئەو ئاستەی کە مرۆڤ دڵخۆشی دەرببڕیت، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە قۆناخی مەترسیی شەڕی ماڵوێرانکەر خەریکە تێدەپەڕێت.''
 
تاوەکو ئێستا چەند جارێک، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا سەردانی هەولێریان کردووە و سەبارەت بە دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان پێکەوە یان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە. 
 
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆک بارزانی، هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆڵی گرنگییان لە وەستاندنی شەڕدا هەبووە، ''بەڕێوەچوونی ئەو هەموو کۆبوونەوانەش لە هەرێمی کوردستان و بەشداریی سەرکردایەتیی ئێمە، دەرخەری ئەم راستییەن''.
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بۆ کۆتاییهێنان بە گرفتی رۆژئاوای کوردستان، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن، ''ئێستا ئێمە بە پرسێکی هەڵپەسێردراوی نازانین و خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکرێ. دڵخۆشین بەوەی کە هەندێک ئاماژەی باش هەن.''
 
بەگوتەی دڵشاد شەهاب، سەرجەم لایەنەکانی نێوەندگیر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، کۆکن لەسەر ئەوە کە چارەسەرێکی ئاشتییانە بگیرێتەبەر و پشتیوانی لە شەڕ ناکەن، ''ئەوەش لە ئەنجامی خۆڕاگریی گەلی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان هاتووەتە ئاراوە. چونکە ئەوان فاکتەرێکی گرنگی تێکشکاندنی داعش بوون.''
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات کە ناسەقامگیری و سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە سووریا، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێ.
 
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، تاوەکو ئێستا چەندین جار شەڕ و پێکدادان لە گوندەکانی باشووری شارۆچکەی چل ئاغا و ناوچەکانی دەوروبەری کۆبانیی رۆژئاوای کوردستان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا روویداوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە