یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی کەمپەینی (رەنجی رووداو) گەیشتە رۆژئاوای کوردستان

28-01-2026
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییەکی زۆر لە چوارچێوەی کەمپەینی (رەنجی رووداو)، یەکەم کاروانی هاوکارییەکان گەیێندرایە رۆژئاوای کوردستان، و کاروانی دووەمیش لە هەولێرەوە بەڕێکرا.

رۆژی چوارشەممە 28-01-2026، یەکەم کاروانی هاوکارییەکانی کەمپەینی (رەنجی رووداو) کە لە 80 بارهەڵگر پێکهاتبوو، لە دەروازەی سنووریی پێشابوورەوە گەیێندرایە رۆژئاوای کوردستان. ئەو بارهەڵگرانە بڕێکی زۆر لە خۆراک، دەرمان و کەلوپەلی پێویستی دیکەیان بۆ هاونیشتمانیان بارکردبوو.

مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێ ئێوارەی ئەمڕۆ هاوکارییەکان بگەنە دەست تیمەکانیان؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "شوێنێکی زۆر باشمان لە قامشلۆ بۆ دەستنیشانکراوە و بەرپرسانی ناوچەکەش هاوکارییەکی زۆریان کردووین."

هەر ئەمڕۆ لە شاری هەولێرەوە، کاروانی دووەمی هاوکارییەکان کە لە 50 بارهەڵگر پێکهاتبوو، بەرەو رۆژئاوای کوردستان بەڕێکرا. 

ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو، سوپاسی هەموو سەرمایەداران، بەشداربووان و ئەو کەسانەی کرد کە لە چوار شەوی رابردوودا رۆڵیان هەبوو لە سەرکەوتنی کەمپەینەکەدا.

ناردنی هاوکارییەکە لە کاتێکدایە، لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی دیکەی حکومەتی دیمەشق، خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون و دۆخی ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانیش زۆر باش نییە.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 6ی کانوونی دووەمەوە زیاتر لە 170 هەزار کەس لە پارێزگاکانی حەلەب، حەسەکە و رەققە ئاوارە بوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرپرسیاری رەمەزان.

بەرپرسیاری رەمەزان؛ ژیانی دایک و کچێک لە سلێمانی، لەنێوان نەخۆشی، هەژاری و قەرزدا

لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی، گوڵشەن واحید و رووناک کەریمی دایکی گوڵشەن، لە بارودۆخێکی سەختی تەندروستی و داراییدا دەژین. گوڵشەن، کە تەمەنی 37 ساڵە و تائێستا حەوت نەشتەرگەری بۆ لابردنی گرێی سنگی بۆ کراوە، دەڵێت بەهۆی قەرز و کرێی خانوو و نەخۆشییەوە، "ژیانمان بووەتە دۆزەخ."