رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر پێشنیازی پارێزگاری هەولێر پەسند دەکات بۆ ناونانی چواڕیانێکی پایتەخت بەناوی (کەزی)، وەک ئاماژەیەک بۆ "خۆڕاگری و یەک گوتاریی نەتەوەیی."
رۆژی چوارشەممە، 28-01-2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر پێشنیازی ناونانی چوارڕیانێکی هەولێری بەناوی (کەزی) کردووە.
پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە بەو جۆرەیە کە شەقامێک یان چواڕیانێک بەو ناوە بکرێ.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ئەنجوومەنی شارەوانی ناوی سێ شوێنی گونجاوم لە سەنتەری شار بۆ دەنێرن و منیش یەکێکیان هەڵدەبژێرم."
لەبارەی هۆکاری پێشنیازەکە، ئومێد خۆشناو دەڵێ: "ئەم پرسە ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە پرسە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و زیندووکردنەوەی رۆحی بەرگری و بەرپەرچدانەوەی ستەمی داگیرکەران."
پارێزگاری هەولێر گوتی، ئەم ناونانە "رەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەیە و ئاماژەیەکی روونە بۆ یەک گوتاریی نێو ماڵی کورد."
چیرۆکی کەزی ئەو کاتە دەستیپێکرد کە رۆژی 22ی ئەم مانگە، چەکدارێکی سەر بە حکومەتی سووریا "کەزی"ی شەڕڤانێکی شەهیدی بەدەستیەوە گرت و بە سووکایەتییەوە دەیگوت: "مردبوو و منیش کەزییەکەیم بڕی." ئەوەش کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ