خاوەن دووکانێکی مۆبایل لە لەنگەی هەولێر: 90٪ـی زیانەکانم بەهۆی دزییەوە بووە نەوەک ئاگر

28-02-2024
بەختیار قادر
بەختیار قادر
چیرۆکەکان لە بازاڕی لەنگەی هەولێرەوە
چیرۆکەکان لە بازاڕی لەنگەی هەولێرەوە
نیشانەکردن لەنگەی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دووکانێکی فرۆشتنی مۆبایل لەنێو بازاڕی لەنگەی هەولێر، بە ئاگرەکەی شەوی رابردوو کاریگەر بووە، هەندێک لە رەفەکانی شوێنەواری دووکەڵیان بەسەرەوەیە بەڵام هەموویان نا، خاوەنی دووکانەکە دەڵێ ئەو زیانەی لێی کەوتووە، 90٪ـی بەهۆی دزییەوە بووە نەوەک ئاگر.
 
چیرۆکەکان لە بازاڕی لەنگەی هەولێر زۆرن، یەکێکیان چیرۆکی سووتانی دووکانەکەی دلاوەرە، کە تەنها سێ رۆژ بوو کردبوویەوە، رۆژی چوارەم بوو بە خەڵوز؛ هەمان ئەو رۆژەی ریکلامی بۆی کرد، لەبری کڕیار، ئاگر میوانی ناوەختی بوو.
 
دلاوەر عەتاب، دووکاندار بە رووداوی گوت "بە بڕی 120 وەرەقە کەلوپەلم کڕیبوو، 11 وەرەقەشم بە رەفە دابوو، کرێی مانگانەشم ملیۆنێک دینارە، نازانم خاوەنەکەی لێم وەردەگرێت یان نا، چونکە تەنیا سێ رۆژ بوو هاتبووم."
 
کاژێر 07:15 خولەکی ئێوارەی رۆژی سێشەممە (27-2-2024) ئاگر لە لەنگەی هەولێر کەوتەوە.
 
یوسف خدر دووکاندارە و یەکەم کەس گەیشتووەتە شوێنی ئاگرەکە، دەڵێ "ئاگرەکە لەم دووکانە دەستیپێکرد و زوو چووین و سیستمی ئاگرکوژاندنەوەمان هێنا، بەڵام کاری نەکرد؛ ئاوی تێدا نەبوو، تەنیا هەوا هات و ئاگرەکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو تاوەکو ئەم کارەساتەی دروست کرد."
 
مەرج نییە دووکانەکان بە سووتان زیانیان بەرکەوتبێت، بەڵکو لە سەروبەندی ئاگرکەوتنەوەدا دووکان تاڵانکراون.
 
دانا حوسێن، دووکاندارێکی مۆبایل لە بازاڕاکە دەڵێ "بەس ئایفۆنەکانم بە بەهای 20 دەفتەر دۆلار بوون، یانی سەیرکەن 90٪ـی دزی بووە نەوەک سووتان. سەیرکە کارتۆنی ئایفۆن پازدەیە کە رێژەیێکی زۆرم هەبوون، کارتۆنەکە ماوە و مۆبایلەکەی نێوی نەماوە."
 
حکومەت لە لایەنە پەیوەندیدارەکان تیمێکی پێکهێناوە و بەدواداچوون لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەکەن، ئەو دووکان و کەسانەی زیانی ماڵییان بەرکەوتووە، بەپێی راپۆرتی سەرەتایی بەرگری شارستانی نزیکەی 200 دووکان بە تەواوی سوتاون و نزیکەی 300 دووکانیش زیانیان بەرکەوتووە. 
 
کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانیی هەولێر لەنێو بازاڕەکەوە قسەی بۆ رووداو کرد و بە ئاماژەدان بە شوێنی دووکانە سووتاوەکان لەسەر نەخشە، گوتی "نزیکەی 200 دووکان سووتاون. زیانەکان سووتانی تەواوی دووکان یان نیوەیان سووتاوە، هەروەها هەیانە ئاگری پێگەیشتووە، بەڵام زیانی ماڵی بەر دووکانەکان کەوتووە."
 
بازاری لەنگەی هەولێر نزیکەی 2 هەزار و 400 دووکانە و ساڵی 2018ـش سووتا؛ ئاگری ئەمجارەی زیانی بە دار و دیواری دووکانەکانیش گەیاندووە و، تاوەکو نۆژەنکردنەوەی، ژمارەیێکی زۆری خەڵک بێکار دەمێننەوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."