ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە

28-04-2025
سیروان عەباس
بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی. وێنە: ئەرشیڤ
بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی. وێنە: ئەرشیڤ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بچێتە پارێزگای سلێمانی و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببێتەوە.
 
شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکی پارتی و شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت.
 
کۆبوونەوەکە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ لە قەزای دووکان دەکرێت. پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لەکاتی بەشداریکردنی لە رۆژی هیوا جەمال گوتی: "گفتوگۆی زۆر لەبارەی بنەماکانی حوکمڕانی کراوە و پێویستیش بوو بکرێت، چونکە بەلای یەکێتییەوە لە دابەشکردنی پۆستەکان گرنگترە. لەسەر ئەو خاڵانە وەستاوین کە پێشتر ناکۆکییان لەسەر بووە."
 
پۆڵا تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، "باسی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی داهاتووی حکومەت دەکرێت و لێکتێگەیشتنی باش هەیە و رێککەوتن دەنووسرێتەوە و دواتر واژۆ دەکرێت."
 
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، زیاتر گوتی: "باسی پێکهێنانی حکومەت، رۆژەڤ و گۆڕانکارییەکان لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و عێراقیش دەکرێت."
 
رێواس فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامی شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ دەبێت.
 
دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20.10.2024 بەڕێوەچوو، چەندینجار شاندی پارتی و یەکێتی کۆبوونەتەوە. ئەمە یەکەمجارە مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بەشداریی کۆبوونەوەکان بکەن و پێشتر جارێک کۆبوونەتەوە و هەردووکیان دانوستاندنەکانیان بە "زۆر باش و ئەرێنی" وەسف کرد.
 
24-04-2025، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 11ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''وەکو پارتی هەوڵێکی باشمان هەیە بۆ رێککەوتن و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، هەروەها گەشبینین لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەینە رێککەوتن.''
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان گوتی، حیزبەکەی داوای هیچ پۆستێکی نەکردووە، ''زۆر جار باس لەوە دەکرێت پارتی داوای پۆستە سیادییەکان دەکات، ئەوە ئێمە نین، بەڵکو ئەوە نەریتی هەڵبژاردنە و یاسایە کە کێ براوەی یەکەم بێت، پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لای ئەوان بێت.''
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی جەختی لەوە کردەوە، ''وەک جەنابی سەرۆک بە ئاشکرا رایگەیاندووە، ئەوە گرنگە خاوەنی یەک هەرێم، یەک پەرلەمان و یەک حکومەت بین، بۆیە پێمانوایە نابێت پۆستەکان ببنە رێگر لە بەردەم رێککەوتندا.''
 
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەمی 2024 کرا. پارتى 39 کورسی و یەکێتى 23 کورسی بەدەستهێنا، لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ، هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خۆڵبارین لە شاری هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

کەشناسیی عێراق: سبەی خۆڵبارین لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت

شەپۆلێکی خۆڵبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. دەستەی کەشناسیی عێراق دەڵێت، سبەی شەپۆلەکە کۆتایی دێت. کەشناسی هەرێمی کوردستانیش پێشبینی بارانبارین دەکات.