رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق لەگەڵ جووتیارانی کورد لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی کێشەی زەویوزار، بەڵام جووتیاران دەڵێن، کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بووە و سوپا بەردەوامە لە رێگریکردن لە ئاودانی زەوییەکانیان، کە بووەتە هۆی زیانێکی زۆری مادی.
عەدنان جەوهەر، جووتیارێکی گوندی خەرابەیە لە سەرگەڕان و خاوەنی 50 دۆنم زەوییە. بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ 40 دۆنمی چاندووە، بەڵام کاتێک ویستوویەتی ئاوی بدات، سوپای عێراق رێگری لێکردووە و بەهۆیەوە تەواوی بەرهەمەکەی سووتاوە و زیانی 9 ملیۆن دیناری بەرکەوتووە."
عەدنان جەوهەر دەڵێت: "40 دۆنمەکەم سێ تۆن گەنمی تێدا چاندبوو، سێ تۆن کیمیاویم پێدابوو. کاتێک ویستمان ئاوی بدەین، نەیانهێشت. گەنمەکە سەری دەرکردبوو، بەڵام لێیان نەگەڕاین ئاوی بدەین و هەمووی پووچەڵ بووەوە."
بەپێی زانیارییەکان، فەرماندەی فیرقەی هەشت و لیوای 31ـی سوپای عێراق، لەسەر فەرمانی فەرماندەیی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق، لەگەڵ نوێنەرانی جووتیارانی پێنج گوندی سنوورەکە (خەرابە، پەڵکانە، شەناغە و دوو گوندی دیکە) کۆبوونەتەوە. بەڵام سوپای عێراق بە بەردەوامی پاسەوانی بەسەر زەوییەکانی ئەو گوندانەوە دەکات و رێگری لە جووتیاران دەکات.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە رووداوی گوت: "هەموو بەڵگە یاسایی و گرێبەستەکانمان پێشان دان. پێمان گوتن بە یاسا و بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ چۆن بڕیار دەدەن رازین. بەڵام ئەوان گوتیان 'ئەم شتانە لای ئێمە چارەسەر ناکرێت، ئێمە پەیامەکانتان دەگەیەنینە سەرووی خۆمان'. داوا لە سەرکردایەتیی کورد دەکەین ئەم کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکەن، نە ئێمە ئەزیەت بدەن و نە بمانخەنە ئەم رۆژەوە."
جووتیاران گەشبین نین بە چارەسەرکردنی کێشەکە لە رێگەی ئەو کۆبوونەوانەوە و پێیان وایە سوپا "دەستیدەستییان پێدەکات".
ئەحمەد عەزیز، جووتیارێکی گوندی پەڵکانەیە و دەڵێت: "فەرماندەکە گوتی قسەکانتان دەگەیەنمە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان. باشە، دوێنێ [ئاماژە بە کەسایەتییەک] لێرە بوو و قسەی لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان کرد، ئەی خۆی بۆ نەهات؟ هەست دەکەین کات بە فیڕۆ دەدەن."
فەرهاد رەحمان، جووتیارێکی گوندی شەناغەیە و زەوییەکەی بەهۆی ئاونەدانەوە گەشەی نەکردووە و دەڵێت: "هیچ ئومێدێکمان نییە. فەرموو، ئەمە زەوییەکەی منە، ئێستا کاتی دروێنە و ئاودانە، کارەباش هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ناتوانین ئاوی بدەین. تاوان نییە ئەو هەموو خەرجییەم کردووە و بەرهەمەکەم ئاوا بچووک ماوەتەوە؟"
بە گوتەی جووتیاران، رێگرییەکانی سوپای عێراق ئەم ساڵ لە ساڵانی رابردوو زۆر زیاتر بوون. تائێستا زیاتر لە 25 جووتیار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون بەهۆی سووربوون لەسەر کارکردن لە زەوییەکانیان، کە دواتر بە کەفالەت ئازادکراون.
کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک و بەتایبەت لە ناحیەی سەرگەڕان، کێشەیەکی درێژخایەنە و تائێستا چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە جووتیاران و دروستبوونی گرژی لەنێوان ئەوان و هێزە عێراقییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ