رووداو دیجیتاڵ
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، چاوەڕێن حکومەتی تورکیا هەلومەرجی ئازادی کارکردن بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دابین بکات و بتوانێت سەرپەرشتی کۆنگرە بکات.
کۆمیتەی رێڤەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی دووشەممە، 28ی نیسانی 2025 لە پەیامێکیدا رایگەیاند، حکومەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری نەناوە. راشیگەیاند: ''چاوەڕێین هەلومەرجی کارکردن و ژیانی ئازاد بۆ رێبەر ئاپۆ دابینبکرێت و سەرپەرشتی کۆنگرەی پارتەکە بکات''.
پەکەکە پێیوایە، بەبێ بەرقەرارکردنی ئازادی و دیموکراسی، ئاشتی بەدینایەت و دەڵێت، ''بۆ ئەوەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان کۆتایی بە شەڕ بهێندرێت و ئاشتی بەدیبێت، دەبێت سەرەتا ئاشتی لە کوردستان بەرقەرار بکرێت''.
کۆمیتەی رێڤەبەری پەکەکە ئاماژەی بەوەداوە، وێڕای هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانیان، لە هەوڵدان بۆ سەرختنی پرۆسەی چارەسەری؛ راشیگەیاند، ''لەبەر ئەوەی هەست بە زەحمەتیی کێشەکان دەکەین، نامانەوێت پەلە بکەین و ببینە لایەنی تێکدەری پرۆسەکە''.
لە تشرینی یەکەمی پارەوە، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا، کە ئەوە لەلایەن تورکیا بە ''تورکیایەکی بێ تیرۆر'' و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' ناودەبرێت.
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کردووە، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ