لە سلێمانی بێ ئاگاداری خۆیان ئۆتۆمبێلی چەند کەسێک کراوە بەناوی خەڵکی دیکەوە

28-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سلێمانی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بەبێ پرسی خاوەنەکانیان بەناوی کەسی دیکەوە کراون و بەهۆیەوە چەند کەسێک دەستگیرکراون. بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، بەهاوبەشی لەگەڵ ئاسایش و دادوەران لێکۆڵینەوە دەکەن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، چەند فەرمانبەر و ئەفسەرێک لە هاتووچۆی سلێمانی، ئۆتۆمبێلیان کردووە بەناوی کەسانێکەوە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە ئاگادار نەبووە، لە بەشێکی کەیسەکاندا ئەوانەشی کراوە بە ناویانەوە ئاگادار نین، دوای ئاشکرابوونی دۆسیەکە، زیاتر لە 10 کەس دەستگیرکراون.
 
هاونیشتمانییەک: بێ ئاگاداری خۆم ئۆتۆمبێل کراوە بەناومەوە
 
ئەمڕۆ دووشەممە، هاونیشتمانییەک لە سلێمانی کە نزیکەی دوو مانگ زیندانی کراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "من تۆمەتبار کرابووم بەوەی ئۆتۆمبێلێک کراوە بە ناومەوە و فرۆشراوەتەوە بەبێ ئاگاداری خاوەنەکەی، بەبێ ئەوەی منیش ئاگاداربم".
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "دوای چەند جارێک بینینی دادوەر و بەراوردکردنی پەنجەمۆرەکەم لەگەڵ پەنجەمۆری ئەو مامەڵەیەی کراوە، دەرکەوت بێتاوان بووم، لە هەردوو پشکنینی پۆلیسی بەڵگە و تاوان لە سلێمانی و هەولێر دەرکەوت پەنجەمۆری من لەسەر مامەڵەکە نییە و ناسنامە و وێنەم بەکارهێنراوە".
 
ئەو کەسەی دوای دوو مانگ ئازادکراوە دەڵێت، "من وێنە، ناسنامە و هەموو پێداویستییەکانم لە هاتووچۆی سلێمانی هەیە، چونکە ئۆتۆمبێلی خۆم بەناومەوەیە، ئەوانەی ئەو کارانەیان کردووە بێ پرسی خۆم کۆپییان کردوون و ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهایان بەناوەوە کردووم".
 
تۆمەتبارەکان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون
 
رووداو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی قسەیکرد، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەوان، کارمەند و ئەفسەری هاتووچۆ، ئەوانەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەن و ئەوانەشی ئۆتۆمبێل کراوە بەناویانەوە لەنێو دەستگیرکراواندان.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان کە رووداو لە دۆسیەکە دەستیکەوتوون، دوای لێکۆڵینەوەکانی دادوەر، 23-04-2025، سێ لەو کەسانەی ئۆتۆمبێل کراوە بەناویانەوە و لە گرتن و گواستنەوەی سلێمانی بەندکرابوون بێتاوانن و ئازاد کراون، بەڵام هێشتا ژمارەیەک تۆمەتباری دیکەی کەیسەکە لە زینداندان.
 
ئەفسەرێکی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "دۆسیەکە لە دادگەیە، ئەوەی پێویست بێت دادوەر بۆ دۆسیەکە دەیکات و ئێستا ناتوانین زانیاری زیاتر بخەینەڕوو".
 
هەر ئەمڕۆ سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دۆسیەکە لە پۆلیس نییە و هاتووچۆی سلێمانی خۆی سەرپەرشتی دەکات.
 
رووداو زانیویەتی، ئەوانەی دەستگیرکراون لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراون و پەڕەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە رووداو دراون، تاوەکو ئێستا "ژمارەیەکی زۆر" ئۆتۆمبێل بەبێ ئاگاداری خاوەنی راستەقینەیان بەناوی کەسانی دیکەوە کراون، کە ئۆتۆمبێلەکان جۆر و نرخیان جیایە و تێیاندایە بەهاکەی زیاترە لە 100 هەزار دۆلار.
 
دۆسیەکە لە هاتووچۆی سلێمانی رادەستی ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە کراوە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکان بکات و لەگەڵ دادگەی سلێمانی هاوئاهەنگی بکات.
 
هاتووچۆی سلێمانی: ئەوانەی کراون کەسانی یەکەمی خێزانی خاوەن ساڵیانە کردوویانە
 
هاتووچۆی سلێمانی دۆسیەکە رەتناکاتەوە. عه‌مید ئاسۆ محه‌مه‌د، بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو رووداوانە لە هەموو شارەکان روودەدەن، بۆ نموونە؛ کەسێک گرێبەستێکی دادنووسی هێناوە دواتر ئاشکرا بووە کە دروست نەبووە".
 
عەمید ئاسۆ گوتی: "دۆسیەی هاوشێوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ نوێ نییە، کۆنیش هەبووە و داهاتووش دەبێت. ئەفسەرێک یان کارمەندێک کارەکەی کردووە بەهۆی ناسراوی کەسێکەوە کردوویەتی. ئەم دۆسیانە لە هاتووچۆ و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان روودەدەن".
 
بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی سلێمانی رەتیکردەوە هیچ کارمەند و ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەستگیرکرابێت و گوتی: "وەکو دەستگیرکردن کەس دەستگیرنەکراوە، بەڵام بانگکراون بۆ لێکۆڵینەوە".
 
عەمید ئاسۆ محەممەد هەروەها ئەوەی گوت کە "خۆمان، برادەرانمان لە ئاسایش، دادگە و ئەنجوومەنەکانی لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی دەکەین".
 
بەشێکی ئەو مامەڵانەی کە ئۆتۆمبێل کراون بە ناوی کەسی دیکەوە، بە گوتەی عەمید ئاسۆ، لەلایەن کەسی پلە یەکی خاوەن ئۆتۆمبێلەکەوە کراوە. "بۆ نموونە؛ ئەندامێکی خێزانەکەیان وەکو برا، هاتووە و گوتوویەتی ئۆتۆمبێلی براکەمە و خۆی لێرە نییە، ئیدی بە هەر هۆکارێک بێت بۆی کراوە، دواتر براکەی رازی نەبووە، زۆرینەی کێشەکان بەوشێوەیەن، نەوەکو خوانەخواست گەندەڵی بێت".
 
عەمید ئاسۆ محەممەد زیاتر باسی لە دۆسیەکان کرد و گوتی: "لە دۆسیەکەدا هیچ مامەڵەیەک نەکراوە کە خاوەن ئۆتۆمبێل خۆی لەماڵەوە بێت و ئاگاداری هیچ نەبێت و ئۆتۆمبێلەکەی بە کەسێک فرۆشرابێت خۆی نەیناسێت، بۆیە دەڵێم لایەنێکی هاوکاری تێدایە، زۆر جار زێدەڕۆیی لە هاوکاریکردن زۆر خراپە".
 
پارێزەرێک: کەمترین سزای تاوانباران پێنج ساڵ زیندانییە
 
هەر ئەمڕۆ، پارێزەر ئاسۆ هاشم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ئەوانەی ئەو کارانەیان کردووە، ئەگەر بەسەریاندا ساخبێتەوە چەند مادەیەک دەیانگرێتەوە، لەوانە: ساختەکاری، خراپ بەکارهێنانی پۆست، فێڵکردن، وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی.
 
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکرد، دۆسێکە قورسە و دادوەر بڕیاری لێ دەدات، بەڵام هەر کامێک لەو مادانە بەسەر تۆمەتباردا ساخبێتەوە کەمترین سزای پێنج ساڵ زیندانیکردن دەبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.