رووداو دیجیتاڵ
دوو شۆفێری بارهەڵگر لە کرماشان و سنە پەیوەندیدار بە مانگرتنی شۆفێری بارهەڵگرەکان دەستبەسەرکران.
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنە سدیق محەممەدی، شۆفێری بارهەڵگریان دەستبەسەرکرد؛ هەروەها لە شاری ئیسلامئاوای پارێزگای کرماشان شەهاب دارابی، شۆفێری بارهەڵگریان دەستبەسەرکرد.
شەهاب دارابی جگە لە شۆفێری، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی کۆمیدی و چالاکی رۆژانەی، کەسێکی ناسراوە و پێشتریش بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین دەستبەسەرکراوە.
دەستبەسەرکردنی ئەو دوو شۆفێرە لە کاتێکدایە، حەوت رۆژە شۆفێری بارهەڵگرەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیان بە مانگرتن کردووە و شەهاب دارابی و سدیق محەممەدی پاڵپشتییان لەو مانگرتنە کردبوو.
شۆفێرانی ناڕازی داوا دەکەن، کرێی گواستنەوە زیاد بکرێ، تێچووی بیمە کەمبکرێتەوە و سووتەمەنییان بە نرخی هەرزان پێبدرێت؛ هەروەها داوا دەکەن، دادپەروەری هەبێت لە پێدانی باردا.
پۆلیسی ئێران رۆژی سێشەممە 27-05-2025 بڵاویکردەوە، هەندێک کەس بە هەڕەشە داوا لە شۆفێران دەکەن پەیوەستی مانگرتن بن؛ گوتیشی، ئەو کەسانە دەستبەسەر دەکرێن و سزا دەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ