پەکەکە دەڵێت، هێرشەکانی تورکیا بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری دروست دەکەن

28-06-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیادیان کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو هێرشانە بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری دروست دەکەن.
 
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رۆژی شەممە، 28ی حوزەیرانی 2025 بڵاویکردەوە، لە دوو هەفتەی رابردوودا بەراورد بە پێشتر، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی و سنووری زێی گەورە زیادیان کردووە.
 
هەپەگە باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە.
 
هەپەگە ئاماژەی بەوە کردووە، سوپای تورکیا لە رۆژانی 21 - 26ی حوزەیراندا لە رێگەی درۆنەوە 9 جار لە ناوچەکانی نزیک لە رووباری زێی گەورە و 11 جاریش لە ناوچەی مەتین لە هەرێمی کوردستان، بۆردوومانی پێگەکانی پەکەکەی کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، گەریلاکانی پەکەکە لە رۆژانی 24 - 26ی ئەم مانگەدا بەرپەرچی هێرشەکانی سوپای تورکیایان داوەتەوە.
 
هەپەگە رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرتووە و دەڵێت، هێرشەکانی سوپای ئەو وڵاتە بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری دروست دەکەن.
 
هێرشەکانی سوپای تورکیا لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
12ی ئایاری 2025 پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5 - 7ی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
 
لە 1ی تشرینی یەکەمی پار لەلایەن حکومەتی تورکیا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا؛ ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لۆگۆی هەسەدە

بۆچوونی ئۆجەلان لەبارەی هەسەدە: هێزێک بچێتە نێو سوپا و هێزێک ببێتە هێڵی بەرگریی خۆجێیی

بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دیدارەکەیدا لەگەڵ شاندی کۆمیسیۆنی چارەسەری لەبارەی چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتوویەتی، دەکرێ هەسەدە ببێتە دوو هێز: هێزێک بچێتە نێو سوپای سووریا و هێزێکی دیکەش هێڵی بەرگریی خۆجێیی پێک بێنێت