رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا تەنیا چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وادەی نوێکردنەوەی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان فۆرمەکانیان پڕنەکردووەتەوە. بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر رایدەگەیێنێت، هەرکەسێک تاوەکو 1ی ئاب خۆی تۆمار نەکات، بەشەخۆراکەکەی رادەگیرێت. هاوکات ئاشکرای دەکات، ئەو پارەیەی لە بڕینی بەشەخۆراکی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە، بۆ باشترکردنی کوالێتیی خۆراکی هاونیشتمانییان بەکاردەهێندرێت.
نوێکردنەوەی پسوولەی خۆراک کە لە 2ی حوزەیرانی رابردوو دەستیپێکرد، بڕیارە لە 1ی ئابی 2025 کۆتایی بێت. بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، لە سلێمانی نزیکەی 500 هەزار کەس، لە هەولێر نزیکەی 400 هەزار، لە دهۆک نزیکەی 300 هەزار و لە هەڵەبجەش نزیکەی 20 هەزار کەس تاوەکو ئێستا خۆیان لە سیستمی ئەلیکترۆنیی نوێدا تۆمار نەکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 28-07-2025 سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، بە رووداوی رایگەیاند، "بەپێی دوایین داتا، لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە ملیۆنێک و 984 هەزار کەس، ملیۆنێک و 604 هەزار کەس فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و نزیکەی 400 هەزار کەس لە هەولێر ماون."
پێشتر هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی ئەو ژمارە زۆرەی هاونیشتمانییان بۆ ئەوە دەگەڕێندرایەوە کە بەشێکی زۆریان لە دەرەوەی وڵاتن یان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام سیامەند قادر هۆکاری دیکەش ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "هۆکارەکان فرەچەشنن، بەشێک لە هاونیشتمانییان شارەزایی تەواویان لە بەکارهێنانی ئەپلیکەیشن و سۆشیاڵ میدیا نییە. بەشێکی دیکەیان بەهۆی گۆڕانی رووخساریانەوە رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە، وەکو ئەوەی منداڵ بووە و ئێستا گەورە بووە، یان نەشتەرگەریی جوانکارییان کردووە. هەروەها کەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە وەک ئۆتیزم و داون، جگە لەمانەش، بەشێک هەن کە کەمتەرخەمن و تاوەکو ئێستا هەوڵیان نەداوە."
سەبارەت بەو کەسانەی تاوەکو وادەی دیاریکراو خۆیان تۆمار ناکەن، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر گوتی، "ناوی ئەو کەسانە لە سیستمەکەدا ناسڕدرێتەوە، بەڵکو بەشەخۆراکەکەیان رادەگیرێت، بەڵام دوای کردنەوەی دەرگای مامەڵەی هاووڵاتییان، کە پێشبینی دەکەین بکەوێتە مانگی 9 یان 10، دەتوانن دووبارە لە رێگەی ئەپلیکەیشنەکەوە خۆیان تۆمار بکەنەوە، بەڵام ئەو کاتە دەبێت بڕە پارەیەک وەک رسوومات بە شێوازی ئەلیکترۆنی بدەن."
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم پرۆسەیە، سوود وەرگرتنە لەو بڕە پارەیەی کە بەهۆی پاککردنەوەی لیستەکانەوە دەگەڕێتەوە. سیامەند قادر لەمبارەیەوە گوتی: "بڕیارە ئەو بەشەخۆراکەی کە دەبڕدرێت، بۆ نموونە لە هەموو شارەکان رەنگە ناوی نزیکەی 100 تا 200 هەزار کەس بسڕێتەوە، ئەو تێچووەی کە بۆ ئەو بەشەخۆراکانە خەرج دەکرا، بخرێتەوە سەر بودجەی خۆراک و کوالیتیی خۆراکەکانی پێ باشتر بکرێت."
هەرچەندە ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان تۆمار نەکردووە زۆرە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ درێژکردنەوەی وادەکە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دەرنەچووە. سیامەند قادر گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ بەڵێنێکمان وەرنەگرتووە، بەڵام داوامان کردووە وادەکە درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین هاونیشتمانی سوودمەند بن. چونکە هەرچەندە خەڵکێکی زۆر بەشداریی کردووە، بەڵام هێشتا لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا نییە."
زیاتر لە دوو ساڵە مامەڵەی گواستنەوەی فۆرم، دروستکردنی فۆرمی نوێ بۆ ئەوانەی تازە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و تۆمارکردنی ناوی منداڵی تازە لەدایکبوو راگیراوە. بە تەواوبوونی ئەم پرۆسە ئەلیکترۆنییە، وەک سیامەند قادر گوتی "پێشبینی دەکرێت لە مانگی 9 یان 10ی ئەم ساڵدا، هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە کارا بکرێنەوە".
مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ