رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن لە پارێزگای دهۆک رایدەگەیێنێت، لە پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە حەوت ملیار و 400 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنوورەکەدا خەرج کراوە، کە گرنگترینیان پڕۆژەکانی رێگاوبان و پەروەردە و کارەبا بوون. دەشڵێت، نزیکەی دوو هەزار پارچە زەوییان تەرخانکردووە بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا.
ئەحمەد سلێمان، بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن لە سنووری قەزای ئاکرێ میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورەکەیانی کرد و گوتی، لە پێنج ساڵی رابردوودا چەندین پرۆژەی گرنگ لە سنوورەکە جێبەجێ کراون، لەوانە؛ دروستکردنی شەقامێکی 11 کیلۆمەتری لە ناوەندی ناحیەکە، کە گوژمەکەی زیاتر لە ملیارێک دینار بووە. هاوکات، پڕۆژەیەکی چاککردنەوەی شەقامە نێوخۆییەکان بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار 80%ی کارەکانی تەواو بووە و بەمزووانەش بەتەواوی دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان.
ئەحمەد سلێمان ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی دیکەی رێگاوبان، لەوانە دروستکردنی شەقامێک بە درێژایی حەوت کیلۆمەتر بە گوژمەی ملیارێک دینار، جگە لە دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گوندی سەردەرێ بە بڕی 200 ملیۆن دینار جێبەجێ کراون، کە هەموویان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر هاتووچۆ و گەیاندنی خزمەتگوزاری هەبووە.
لە کەرتی پەروەردەشدا، قوتابخانەیەکی نوێی 12 پۆلی بە گوژمەی ملیارێک و 400 ملیۆن دینار لە ناوەندی ناحیەکەدا دروستکراوە. سەرباری ئەم پڕۆژانە، بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن باسی راگرتنی پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەیەکی 18 پۆلیی کرد کە پێشتر درابووە بەڵێندەر و سێ پڕۆژەی دیکەی قوتابخانە بەهۆی قەیرانی داراییەوە. بەڵام جەختی کردەوە کە هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ دەستپێکردنەوەیان لە کاتێکی گونجاودا.
هەروەها لە سێکتەری کارەبا و وزەدا، وێستگەیەکی مۆبایلی کارەبایان بە گوژمەی ملیارێک و 800 ملیۆن دینار دابینکراوە کە یارمەتیدەر بووە لە چارەسەرکردنی گرفتی کارەبا لە ناحیەکە و دابینکردنی کارەبای گوندەکان. لە کەرتی تەندروستیشدا، ناحیەکە سێ بنکەی تەندروستیی هەیە.
ناحیەی گردەسێن، بە گەورەترین ناحیەی سنووری پارێزگای دهۆک دادەنرێت لەڕووی زۆری ژمارەی گوندەوە کە 108 گوند لەخۆ دەگرێت. ئەحمەد سلێمان دەڵێت، هەموو گوندەکانی سنوورەکەمان ئاوەدانن و کارەبا و قوتابخانەیان هەیە، بەڵام ریگەی بەشێک لە گوندەکان پێویستی بە چاککردنە و لە هەوڵداین بۆ چاککردنیان.
چەند هاونیشتمانییەک لە گوندی 'لەکان' لە سنووری ناحیەی گردەسێن، لە رێگەی رووداوە داوایان کرد کە سنووری گوندەکەیان فراوان بکرێت. ئەحمەد سلێمان دەڵێت، فراوانکردنی سنووری گوند کێشەیەکی گشتییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە کۆمەڵێک رێکاری کارگێڕی و یاساییە؛ لەوانە رەزامەندی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی گوند، وەک چۆن نزیکەی 10 گوندی دیکەی ناوچەکە سنووریان فراوانکراوە.
لەبارەی تەرخانکردنی زەوی بۆ دابەشكردنی بەسەر فەرمانبەران، بەڕێوەبەری ناحیەی گردەسێن رایگەیاند، شارەوانی نزیکەی دوو هەزار پارچە زەوی تەرخانکردووە بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەرانی ناوچەکەدا و، شارەوانی سەرقاڵی کارکردنە لەسەریان بۆ ئەوەی بە زوویی پڕۆسەکە تەواو بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ