کوردستان
وێنەیەکی ئەرشیڤ؛ فرمێسکی کەسوکارێکی قوربانییانی کۆمەڵکوژییەکە لەسەر گۆڕی ئازیزانی لە یادی هەشت ساڵەی کۆمەڵکوژییەکە.
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 14 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی لە سنووری شارۆچکەی قلەبان سەربە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان تێدەپەڕێ. هەموو ساڵیک لەم رۆژەدا یادی قوربانییانی کۆمەڵکوژییەکە لە گۆڕستانی گوندی بێجهـ سەربە شارۆچکەی قلەبان دەکرێتەوە و کەسوکاری قوربانییەکان داواکاری خۆیان بۆ دادپەروەری دووپاتدەکەنەوە.
چیدەم کڵچگون ئوچار، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) رۆژی شەممە 27 ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە چالاکییەکی دەم پارتیدا کە بەبۆنەی 14یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی لە ئیستەنبووڵ رێکخرابوو، بانگەوازی بۆ کۆبوونەوەی 4 ـی کانوونی دووەمی ئامەد کرد و رایگەیاند: "نابێت چی دیکە بەڕێز ئۆجەلان لە دۆخی گۆشەگیریدا بێت. جێبەجێکردنی مافی هیوا بە واتای بنیاتنانەوەی سەتەی نوێی تورکیایە بە ئاشتی، یەکسانی و ئازادی."
له 28 ـی کانوونی یەکەمی 2011 ـدا لە سنووری گوندەکانی بێجهـ و رۆبۆسکی سەر بە پارێزگای شرنەخ لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیادا 34 هاونیشتمانی سڤیل کە لە باشووری کوردستانەوە دەگەڕانەوە، گیانیان لەدەستدا. ئەمە لە کاتێکدایە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەو بازرگانییەی سنوور ئاگادار بوون.
هیچ دۆسیەیەک دژی هیچ تۆمەتبارێک نەکراوەتەوە
دوای کۆمەڵکوژییەکە، داواکاری گشتیی ئامەد دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد. دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ و نیو بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا و بە پاساوی ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە لە دەسەڵاتیاندا نییە، دۆسیەکە گوێزرایەوە بۆ داواکاری گشتیی سەربازیی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای تورکیا.
داواکاری گشتیی سەربازی لە کانوونی دووەمی 2014دا بێ سزادانی بکەرانی تاوانەکە، دۆسیەکەی داخست.
کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی، یەکێکە لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی کۆماری تورکیایە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرس و کەسایەتییەکی تورکیا بەهۆیەوە سزا نەدراوە.
سەرەڕای ئەوەش، ئەو فەرماندانەی ئەو کاتە لە سوپای تورکیادا بەرپرس بوون، دواتر پلەکانیان بەرزکرایەوە.
هەموو ساڵێک یادی 34 قوربانییەکە دەکرێتەوە
هەموو ساڵێک بە چالاکیی جۆراوجۆر لە گۆڕستانی گوندی بێجهـ یادی 34 قوربانیی کۆمەڵکوژییەکە دەکرێتەوە.
پێشبینی دەکرێ وەکو هەر ساڵێک، ئەم ساڵیش بە پێشەنگایەتیی پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە گوندەکانی رۆبۆسکی و بێژوو یادی قوربانییانی کۆمەڵکوژییەکە بکرێتەوە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا دۆسیەکەی رەتکردەوە
کەسوکاری قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی لە 2016دا دۆسیەکەیان گواستەوە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و لە 17ی ئایاری 2018 ـدا دادگەی مافی مرۆڤ لە ئەورووپا رایگەیاند، پارێزەرانی کەیسەکە لە 15 رۆژدا بەڵگەی پێویستیان ئامادە نەکرد و هەربۆیە دۆسیەکەیان رەتکردەوە.
رەتکردنەوەی ئەو دۆسیەیە تاوەکو ئێستا خاڵی ناکۆکییە لەنێوان هەدەپە و سەندیکای پارێزەرانی شرنەخ و هەردوولایەن یەکدی تۆمەتبار دەکەن. فەرهاد ئەنجوو، هاوسەرۆکی رێکخستنەکانی هەدەپەی ئیستەنبووڵ، کە لە رووداوەکەدا 28 ئەندامی خێزانەکەی گیانیان لەدەستدا، سەندیکای پارێزەرانی شرنەخ شرنەخ تۆمەتبار دەکات.
لە 9ی نیسانی 2021دا کەسوکاری قوربانیان بۆ سەرلەنوێ جووڵاندنی دۆسیەی کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی، سەردانی دادگەی دەستوورییان کرد.
خێزانی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی کۆمەڵکوژییەکە گیانیان لەدەستدا، وەرگرتنی پارەی خوێنیان رەتکردوەتەوە و داوایان کردووە بەرپرسانی کۆمەڵکوژییەکە بدرێنە دادگا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ