رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەردەوامیی بارانبارینەوە لە شەوی رابردووەوە لە چەند ناوچەیەکی هەولێر ئاو کۆبووەتەوە. بەرگریی شارستانی دەڵێ "زیانی گیانی نەبووە".
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، رۆژی یەکشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە گەڕەکەکانی مامزاوا، سێبەردان، هەشت هەزاری فەرمانبەران، بەشێکی شەقامی 100 مەتری، 120 مەتری بەرامبەر نەخۆشخانەی میهرەبانی و لە شەقامی 60 مەتری نزیک یاریگەی شەهید فرانسۆ هەریری گردبوونەوەی ئاومان هەیە".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی گوتی: "ناڵێین لافاو، چونکە شوێنەکان سنوورداربوون، هەروەها زیانی گیانی نەبووە، پێچەوانەی ساڵانی رابردوو. زیانی مادی زۆر کەم بە هاونیشتمانییان گەیشتووە کە ئاو چووبێتە ماڵیانەوە، بەڵام هێندە زۆر نەبووە شیاوی باسبێ".
لە دوو ساڵی رابردوودا شارەوانییەکانی هەولێر هەڵمەتێکی چڕی پاککردنەوە و دروستکردنی ئاوەڕۆیان کردووە بۆ دروستنەبوونی لافاو. شاخەوان سەعید دەڵێ: "بەداخەوە بەشێکی خەڵک هاوکار نین، بەتانی خراوەتە نێو رێڕۆی ئاوەوە، زبڵ فڕێ دەدرێتە مەنهۆڵەکانەوە و ئەوانەش دەبنە هۆکاری بەرزبوونەوە و پەنگخواردنەوەی ئاو".
موقەدەم شاخەوان گوتی: "شەوی رابردوو و تاوەکو ئێستاش تیمی جێگیرمان لە بازنەکانی 150 مەتری، 120 مەتری، 100 مەتری و 60 مەتری هەولێر هەبووە. تیمی گەڕۆکیش بەردەوام لە ئێشکگیریدان بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو".
بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، شەپۆلی بەرفروباران ناوبەناو تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ