رووداو دیجیتاڵ
رێبوار تەها وەک بەربژێری سەرکەوتووی پەرلەمانی عێراق کشایەوە و هەڵۆ جەبارى، وەک جێگرەوەکەی لە پەرلەمان سوێند دەخوات، کە لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، دەقی داوای کشانەوەکەى بڵاوکردەوە وەک بەربژێری سەرکەوتووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە لیستى یەکێتى نیشتمانى کوردستان.
بەگوێرەی نووسراوێکی ئەمیندارێتیی گشتیی پەرلەمانی عێراق کە لە 24ی کانوونی یەکەمی 2025 ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کردووە، تێیدا ئاماژەی بەوە داوە کە رێبوار تەها، بەربژێری سەرکەوتووی پەرلەمانی عێراق لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سنووری پارێزگای کەرکووک، ئاگادارى کردوونەتەوە لەوەی سوێند ناخوات و داوا کراوە کە جێگرەوەکەیان بۆ دیاری بکەن.
رۆژی یەکشەممە 28ی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەفەرمی پەرلەمانی لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە هەڵۆ جەباری لە بری رێبوار تەها سوێندی دەستووری دەخوات.
لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵۆ جەباری لە ریزبەندی 11ی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بە بەدەستهێنانی 5877 دەنگ دەبێتە جێگرەوەی رێبوار تەها لە پەرلەمانی عێراق.
رۆژی دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025، خولی نوێی پەرلەمانی عێراق یەکەم کۆبوونەوە دەکات و بەربژێرانی سەرکەوتوو سوێندی دەستووری دەخۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ