هاونیشتمانییەک لە سلێمانی: بە خۆم و کوڕەکانم ملیۆنێک و 200 هەزار دەدەینە کرێی خانوو

29-01-2023
هۆرڤان رەفعەت
ئەم هاونیشتمانییە دەڵێت، 12 ساڵە چاوەڕوانی وەرگرتنی کلیلی دەرگەی خانووەکەیەتی لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی شارەکە
ئەم هاونیشتمانییە دەڵێت، 12 ساڵە چاوەڕوانی وەرگرتنی کلیلی دەرگەی خانووەکەیەتی لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی شارەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک لە سلێمانی دەڵێت، 12 ساڵە چاوەڕوانی وەرگرتنی کلیلی دەرگەی خانووەکەیەتی لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی شارەکە، کە حكومەت بۆ کرێنشینانی دروستکردووە. فەهمی 36 ساڵە فەرمانبەرە لە تەندروستیی سلێمانی و دوو هاوژینی هەیە، بۆیە دوو خانووی بە کرێ گرتووە و دەشڵێت، "مووچەکەم تەنیا بەشی کرێ و نانخواردنی رۆژانەم دەکات."
 
فەهمی جەمیل، کرێنشین بە رووداوی گوت: "دوو جار ناوم دەرچووە بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان، جارێکیان بە 28 خاڵی خزمەت و جارێکیشیان بە 32 ساڵی خزمەت، بەڵام تائێستا نە زەوی نە خانووم وەرنەگرتووە، بەو حاڵەوەشەوە تائێستا خۆم و سێ کوڕم کرێچین و بە هەموومان مانگانە نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار کرێ دەدەین".
 
لە ساڵی 2009ـەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران زیاتر لە 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون کە چوار هەزار و 508 یەکەیان دەکەوێتە سنووری سلێمانییەوە. بەپێی ئاماری کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافی کرێنشینان، تەنیا لە سلێمانی 30 هەزار کەس فۆرمیان بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە پڕکردووەتەوە.
 
بەرهەم سەردار، سکرتێری کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافی کرێنشینانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت بۆ هەموو پڕۆژەکانی کرێنشینان کە ژمارەیان 9 هەزار و 4 یەکەیە، پێکەوە پارە خەرج دەکەم بۆ تەواوبوونیان، بەڵام هەندێک پڕۆژەیە هەیە لە دهۆک تائێستا بەردی بناخەشەی دانەنراوە، لە هەولێر بە هەموو یەکەکان تەنیا 364 یەکەی تەواوبووە، ئێ خۆ ناکرێت پڕۆژەیەک هێشتا بەردی بناخەی دانەنرابێت و پڕۆژەیەکیش تەنیا پێویستی بە دوو ملیار دینار بێت وەکو یەک هەژماریان بکەیت و بڵێت هەموویان بەیەکەوە جێبەجێ دەکەم".
 
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پلانی ئەوەیان هەیە ئەمساڵ بەشێک لە یەکە نیشتەجێبوونەکان دابەش بکەن بەسەر کرێنشینان.
 
توانا بەشیر، بەڕێوبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە رووداوی راگەیاند: "لە پلانی 2023 کە خەریکین، ئەو پڕۆژانەی کە لە سەروو لە %90 یان تەواوبووە هەوڵ دەدەین بودجەیان بۆ تەرخان بکەین و خزمەتگوزارییەکان تەواو بکەین و دەست بە دابەشکردنیان بکەین".
 
لە سلێمانی زیاتر لە دوو هەزار و 100 یەکە لە یەکە نیشتەجێبوونەکان 100٪ـی باڵەخانەکانیان تەواوبوون و، تەنیا خزمەتگوزارییەکانیان ماون؛ لە ئەگەری دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو یەکانە، دوو هەزار و 100 خێزان لە کرێچێتی رزگار دەبن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەکدارێکی سووریا لە تانکەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە.

بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک سەرکردە و گرووپی چەکداریی سووریا دا سەپاند

حکومەتی بەریتانیا سزای بەسەر 6 کەسایەتی و 3 گرووپی چەکداریی سووریادا سەپاند، لەنێویاندا ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو و بازرگانانی نزیک لە حکومەتی بەشار ئەسەد، ئەمەش بەهۆی تێوەگلانیان لە "سەرکوتکردنی خەڵکی سڤیل و تووندوتیژیی تائیفی".