لە هەولێر فرۆشتنی ڤەیپ قەدەخەیە و لە سلێمانی ئازادە

29-01-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر فرۆشتنی ڤەیپ قەدەخە کراوە و هەر دووکانێک بیفرۆشێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت. لە سلێمانی فرۆشتنی ئازادە و لە دهۆکیش بڕیاری قەدەخەکردنی دراوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە شاری هەولێر بە سەرجەم دووکانەکانی فرشتنی ڤەیپ و نێرگەلە گوتراوە، نابێت ڤەیپ بفرۆشن و بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن.
 
بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی لە هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر دووکان و مارکێتێک ڤەیپ بفرۆشێت لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەولێرەوە لێپێچینەوەی یاسایی لێدەکرێت."
 
ڤەیپ لە هەولێر بە فەرمی قەدەخەیە و دووکانەکان نایفرۆشن، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان، هێشتا لە رێگەی ئۆنلاین و "بە دزییەوە" دەفرۆشرێت.
 
لە دهۆک بڕیاری قەدەخەکردنی فرۆشتنی ڤەیپ دراوە، بەڵام چەند رۆژێک کات بە فرۆشیاران دراوە، کە خۆیان ڤەیپەکان کۆبکەنەوە و لە شارەکە دووری بخەنەوە. ئیسماعیل محەممەد، قایمقامی دهۆک ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند رۆژێکی کەم کات ماوە بۆ فرۆشیارەکان و دواتر رێگە نادرێت هیچ دووکانێک ڤەیپ بفرۆشێت، بە پێچەوانەشەوە لێپیچینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت."
 
فرۆشتنی ڤەیپ لە سلێمانی ئاساییە، لایەنی پەیوەندیدار نایانەوێت لەو بارەیەوە قسە بکەن، بەڵام فرۆشیارێکی ڤەیپ و نێرگەلە لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "ئێستا دەیان جۆر ڤەیپم هەیە و دەیفرۆشم، دەنگۆیەک هەبوو قەدەخە دەکرێت لێرە، بەڵام راست نییە و تاوەکو ئێستا ئاگادار نەکراوینەتەوە."
 
بڕیاری قەدەخەکردنی ڤەیپ لە هەولێر و دهۆک لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، 28-12-2023، تۆڕی میدیایی رووداو راپۆرتێکی بنکۆڵکاری لەبارەی فرۆشتنی ڤەیپ لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەرکەوت ڤەیب بە ئاشکرا بە منداڵان و مێرمنداڵان دەفرۆشرێت.
 
دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی تۆڕی میدیایی رووداو، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی، داواکاری گشتی بڕیاری قەدەخەکردنی ڤەیپی دەرکردووە و لە ساڵی نوێوە فرۆشتنی قەدەخە دەکرێت؛ بۆ ئەوەش سەرجەم شوێنەکانی فرۆشتنی ڤەیپ ئاگادارکراونەتەوە تاوەکو ساڵی نوێ هەموو ڤەیپەکان لەنێوببەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەسێک تووشی پەتا بووە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە.

ئەنفلەوەنزا دەوامی قوتابخانەکانی ورمێی راگرت؛ سبەی پشووە

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەنفلەوەنزا، سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشووە و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، ئەگەر کاری پێویستیان نەبێت لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە.