رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە قەزای کفری هەوڵی رفاندنی منداڵی بەپرسێکی ئاسایشی گەرمیان دراوە. بەرپرسێکی ئەمنی دەڵێت، تەقەکەرەکان چوار کەس بوون و هەڵاتوون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شەوی رابردوو چوار کەس لە یەکێک لە گەڕەکەکانی قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان، هەوڵی رفاندنی منداڵی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی گەرمیانیان داوە، لە ئەنجام دا شەڕەتەقە دروستبووە و تۆمەتبارەکان هەڵاتوون.
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تۆمەتبارەکان چوار کەسن و هەڵاتوون، زۆرینەیان ناسراونەتەوە".
هیچ کام لە تۆمەتبارەکان دەستگیر نەکراون. بە گوێرەی بەرپرسانی ئەمنی بۆ رووداو، تۆمەتبارەکان بە گوێرەی مادەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنیان لەلایەن پۆلیسەوە بۆ دەکراوە، بەڵام ئەمڕۆ دۆسیەکەیان گوازراوەتەوە بۆ ئاسایشی گەرمیان.
مادەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە "تاوانی رفاندن" لە مادەکەدا هاتووە، ئەو کەسەی مادەکەی بەسەر ساخبێتەوە بە بەندکردن سزا دەدرێت کە لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ