رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی نزیکەی 24 کاژێر دەستگیرکرا، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان بە دەستەبەری ئازاد کرا و بە رووداوی گوت: "پابەندی بڕیاری دادگە دەبم".
شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە کەفالەت ئازاد کراوم، هەموو نووسراو و بەڵگەکانی خۆم دەخەمە بەردەستی دادوەر و پابەندی هەر بڕیارێک دەبم بدرێت".
پێش ئازادبوونی، دوو سەرچاوەی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان بە رووداویان گوت: "لەسەر سکاڵایەکی یاسایی لە دوێنێوە شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان دەستگیرکراوە".
هەروەها کشتوکاڵی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا داوای ئازادکردنی بەڕێوەبەرەکەی کرد و رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە دۆسیەیەکەدا سەرۆکی لیژنەی قەرەبوو بووە، سکاڵایەک کراوە و سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە دەستگیرکراون.
شادیە حوسێن لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی وەرگرتووە، دوای دەستگیرکردنی کاردانەوەی زۆری چالاکڤانان و هاونیشتمانیانی لێکەوتبووە و داوای ئازادکردنیان دەکرد.
بە گوتەی بەرپرسانی کشتوکاڵی گەرمیان بۆ رووداو: "بابەتەکە پەیوەندی بە گەندەڵییەوە نییە و زیاتر رێکاری کارگێڕی و یاساییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ