رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەبارەی ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: هیچ کێشەیەک نەماوە و تەنیا ناردنی پارەکە ماوە.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "پێشتر رێککەوتن کراوە، هیچ کێشە نەماوە. لیژنەی تەکنیکی هەردوو وەزارەتەکانی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق دوێنێ کارەکانیان تەواو کردووە".
بە گوێرەی قسەکانی فارس عیسا، وردبینیی لە لیستی مووچەی مانگی چوار و رێکارەکانی تەرازوی پێداچوونەوە کۆتاییان هاتووە. گوتیشی: "تەنیا ناردنی پارەکە ماوە".
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکارێکی دواکەوتنی ناردنی پارە ئەوەیە، کە تەیف سامی، وەزی دارایی عێراق لە گەشتێکی دەرەوەی وڵاتە. گوتیشی: "پێدەچێت لەگەڵ گەڕانەوەیدا پارە بنێردرێت".
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە. سەرچاوەیەک لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەری زۆرە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران خۆی واژۆ لەسەر ناردنی پارەکە بکات و روونکردنەوەیەک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بدرێت لەسەر ئەو بابەتە بەبێ ئەوەی بخرێتە دەنگدانەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ