خوێندنی کوردی لە کەرکووک: دەنگۆی گواستنەوەی راژە بۆ بەغدا بانگەشەی هەڵبژاردنە

29-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

جارێکی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردیی داوا دەکەن راژەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەغدا. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، بەغدا ئامادە نییە وەریانبگرێت.
 
مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی دەڵێن، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو مەرجی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن، گواستنەوەی راژەکانیانە لەسەر هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەر بەغدا.
 
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی باس دەکرێت هۆکارەکەی بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنە، ئەگینا هیچ بڕیارێک نییە بۆ گواستنەوەی راژەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی".
 
کامەران عەلی گوتی: "مووچە، مووچەی خانەنشینان، پێداویست و پرۆگرامی خوێندنمان هەمووی لە هەرێمی کوردستانەوە دابیندەکرێت، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش جەختی کردووەتەوە، کە گواستنەوەی راژە ئاسان نییە و رێگری یاسایی و سیاسی هەیە".
 
لە خوێندنی کوردیی کەرکووک، زیاتر لە هەشت هەزار مامۆستا و فەرمانبەر هەن و سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
 
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد، گواستنەوەی راژەی مامۆستایانی خوێنی کوردیی بەشێکی پەیوەندی بە مادەی 140ـەوە هەیە و تاوەکو ئەوە چارەسەر نەکرێت گواستنەوە روونادات.
 
جگە لە کەرکووک، لە تەواوی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 19 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی کوردیی هەن و سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
 
کامەران عەلی دەڵێت: "وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و پەروەردەی عێراق چەند جارێک بابەتەکەیان تاوتوێ کردووە، ئەوەی هەیە بەغدا بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردیی وەربگرێت".
 
لە کەرکووک جگە لە  خوێندنی کوردی، خوێندنی عەرەبی، سریانی و تورکمانی هەن. تەنیا خوێندنی کوردی، سەر بە حکومەتی ناوەندی نییە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری خوێندنی کوردیی لە کەرکووک، ئەوانەی جارێکی دیکە باسی گواستنەوەی راژەی خوێندنی کوردیی بۆ بەغدا دەکەن؛ "بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن؛ هەیە خۆی بەربژێر دەکات و دەیەوێت موزایەدەی سیاسیی بە بابەتەکەوە بکات".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە