نرخی ئۆتۆمبێل نزیکەی 20٪ بەرزبووەتەوە

29-05-2022
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو-هەولێر
 
نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی نزیک لە 20٪ بەرزبووەتەوە و بازاڕی هەرێمی کوردستان بووەتە کۆکەرەوەی کۆمەڵێک براندی ئۆتۆمبێل کە بە گوتەی شارەزایان و خاوەن پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل لەڕووی کوالێتییەوە بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە شایەنی ئەوە نین بەکاربهێنرێن و خاوەنی کۆمپانیایەکی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش دەڵێت، هەوڵی زۆریان داوە لقێکی بەرهەمهێنان و کۆکردنەوەی براندێکی جیهانی لە کوردستان دروستبکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی یاسای بریکار ئەو کارەیان پێنەکراوە.
 
رۆژی یەکشەممە 28-5-2022 بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ـی تۆڕی میدیایی رووداو تایبەت بوو بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و ئەو مەرجانەی بۆ کوالێتیی ئەو ئۆتۆمبێلانە دیاریکراوە و لە سەرەتای پرۆگرامەکە. د. ماردین مەعسووم، دکتۆرای لە ئابووری هەیە و گوتی، تائێستا نزیکە 38 ملیار دۆلاری هەرێمی کوردستان بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل رۆیشتووە، کە دەکاتە ساڵانە نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.
 
د. ماردین گوتیشی، پێویستە لەبری هاوردەکردنی ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلە کە تەنیا بردنەدەرەوەی پارەیە لە هەرێمەوە، چەند کۆمپانیایەکی جیهانی بدەین بۆ ئەوەی پیشەسازیی کۆکەرەوەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێت.
 
خاوەن پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێل پێشنیازی ئەوەی کرد بۆ هاندانی خەڵک لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی حکومەتی هەرێمیش هاوشێوەی عێراق لێخۆشبوون لە پارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بکات و تەنانەت بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانەش کە دێن بۆ هەرێمی کوردستان بە دەستی دوو و سفر کیلۆمەترەوە، بەردی ئەگزۆزیان لەگەڵ نییە.
 
هونەر عەبدوللەتیف، سەرپەرشتیاری گشتیی بەشی ئۆتۆمبێل لە گرووپی کۆمپانیاکانی جیهان دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان لیژنەیەک نییە بۆ دیاریکردنی تایبەتمەندیی ئۆتۆمبێل بۆ ئەوەی ئەو تایبەتمەندییانە دەستنیشان بکات کە مەرجەکانی سەلامەتی چۆنبێت و لەگەڵ جۆری بەنزینی کوردستان یەکبگرێت و بەسەر کۆمپانیاکاندا بیسەپێنێت بۆ ئەوەی بەپێی ئەو کوالێتییانە ئۆتۆمبێل هاوردە بکەن".
 
پێشڕەو عەبدولکەریم، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پێشانگە و کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل باسی لەوەکرد: "کوالێتیی ئەو ئۆتۆمبێلە سفر کیلۆمەترانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن لەڕووی سەلامەتی و جۆری پلێت و زۆر رووی ترەوە نزمە و تەنانەت ئەو ئۆتۆمبێلە دەستی دووانەی لە ئەمریکاوە هاوردە دەکرێن، کوالێتییان زۆر لەو ئۆتۆمبێلە سفرانە بەرزترە کە هەمان براندن و دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان".
 
خاوەنی پێشانگەیەکی ئۆتۆمبێلیش لە هەرێمی کوردستان گوتی: "ساڵی 2012 کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی جۆری کرۆلای کۆمپانیای تۆیۆتا لە ئەمریکا رەتکرایەوە کە بەشێکی زۆری هاوردەی هەرێمی کوردستان کران".
 
سەردار بیبانی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی سەردار و تۆیۆتا لە عێراق لەبارەی پاڵپشتیی حکومەت بۆ بەکارهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دۆستی ژینگەن رایگەیاند: "دوای بڕیاری حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمیش بڕیاریدا ئۆتۆمبێلی هایبرێد کە بە کارەبا و بەنزین کاردەکات، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ بکات بۆ پاڵپشتیکردن لە زیادبوونی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە کە بە دۆستی ژینگە ناسراون، بەڵام لە عێراق تابلۆی ئۆتۆمبێلەکە بەخۆڕاییە و هێشتا هەرێمی کوردستان ئەو لێخۆشبوونەی بۆ تابلۆکە نەکردووە".
 
خاوەنی سەردار گرووپ ئاماژەیدا: "لەبارەی کوالێتی و مەرجەکانی سەلامەتی لە ئۆتۆمبێل ئەگەر یاسای هاوردەکردن هەبێت وەکالەتی کۆمپانیا جیهانییەکانی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێن و ئەوکات هەموو بەیەکەوە بەرپرسیار دەبین بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلی کوالێتیی بەرز بەگوێرەی پێویست بۆ وڵاتەکەمان دروستبکەین".
 
بە گوتەی سەردار بیبانی: "وەک بریکاری دابەشکردنی تۆیۆتا لە سەرانسەری عێراق پشتڕاستی دەکەمەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەو کۆمپانیایە بۆ خەلیج و ئەمریکا و ئەوروپا دروستی دەکات، جیاوازی هەیە لەوەی بۆ عێراقی دروستدەکات، ئەو تۆیۆتایەی بۆ عێراق دروستدەکرێت لەوانی دیکە زۆر باشترە، لەبەر ئەوەی بۆ ژینگە و بەنزین و ئارەزووی لێخوڕینی خەڵکی عێراق دروستدەکرێن".
 
خاوەنی سەردار گرووپ دەشڵێت، "تۆیۆتا بەگوێرەی لۆجەستیک لە هەر کیشوەرێک چەند کارگەیەکی هەیە، کارگەیەک لە تورکیا هەیە کە یەک مۆدێل بۆ عێراق و خەلیج و رووسیا و بازاڕی ئەوروپا ئۆتۆمبێل دروستدەکات و مۆدێلەکانی دیکە هەندێکی لە ژاپۆن و هەندێک لە تایلەندا و مالیزیان کە بەگوێرەی لۆجستیک تۆیۆتا بۆ عێراق دروستدەکەن کە راستەوخۆ لەژێر چاودێریی ژاپۆنە و هەر لەو وڵاتەوە پارچەکانیان پێدەگات".
 
تائێستا چوار مۆدێلی ئۆتۆمبێلی هایبرێدی کۆمپانیای تۆیۆتامان هاوردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە و وەک سەردار بیبانی دەڵێ، "هەردوو حکومەت پاڵپشتییان کردووین، بەڵام هێشتا پێویستە خەڵکی فێربکەین چۆن ئۆتۆمبێلێک بەکار بهێنێت کە دۆستی ژینگەیە".
 
سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی سەردار دووپاتی دەکاتەوە، "حکومەتی عێراق کۆی تایبەتمەندییەکانی لەڕووی جۆری و کوالێتی بۆ ئێمە دیاریکردووە بۆ هاوردەکردنی تۆیۆتا بۆ عێراق و کۆمپانیای 'تۆیۆتا عێراق' لەڕێی نوێنەرایەتییەکانییەوە بە کڕیاران و هاووڵاتییانی دەفرۆشێت، بەڵام تائێستا ئەوە لە کوردستان جێبەجێ نەکراوە".
 
لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە پێشتر تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون و لە رێگەی خەلیجەوە دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت جۆری تۆیۆتا، تاکە بریکارەکەی ئەو کۆمپانیایە دەڵێت، "ئێمە تائێستا نیوەی تەمەنمان لەسەر ئەو بابەتە رۆیشتووە و بەردەوام لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش گفتوگۆمان کردووە بۆ رێگەگرتن لەو هاوردەکردنە".
 
بۆ دامەزراندنی لقێکی بەرهەمهێنانی کۆمپانیای تۆیۆتا لە هەرێمی کوردستان، سەردار بیبانی رایگەیاند: "لەگەڵ شاندی کۆمپانیا ژاپۆنییەکە سەردانی پەرلەمان و یەک بە یەکی وەزیرەکانی هەرێمی کوردستانمان کردووە و گوتوومانە دەمانەوێ وەک وڵاتانی دیکە لقێکی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنین. هێڵی بەرهەمهێنانی تۆیۆتا لە ناوچەکە تەنیا لە تورکیا هەیە و لە سعودیە و ئیمارات و ئوردنیش ئەمە نییە و ئێمە دەستپێشخەرین لەسەر ئەوەی لقێکیش لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی یاسا سەرکەوتوو نەبووین".
 
سەردار بیبانی دووپاتی دەکاتەوە: "پێویستە یاسای بریکاری کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان هەبێت و ئەگەر ئەو یاسایەش هەبوو لقی بەرهەمهێنان و پیشەسازیی کۆمپانیا براندەکانی ئۆتۆمبێلیشمان لە هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام ئێستا ئەگەر ئەو لقە بکەینەوە و سنوورەکانیش کراوەبن بۆ ئەوەی لە هەموو وڵاتانەوە ئەو براندە بێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، ئەوە ناکرێت".
 
 
نوێدەکرێتەوە...

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە