رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ لە دادگەی هەولێر بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕۆشکی، کە دوو لە دەستگیرکراوانی بادینانن دادگایی بکرێن.
پارێزەر هەرێم رەفعەت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-7-2021 دادگاییکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەڕۆشکی لە دادگای هەولێر بەڕێوە دەچێت.
ئومێد بەڕۆشکی و بەدەل بەرواری لە رۆژی 19ی ئابی 2020 بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپێشاندان لە دهۆک دەستگیرکران.
ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی 22ی حوزەیران، دادگەی کەتنی دهۆک بڕیاری ساڵێک زیندانیکردن و پێبژاردنی 240 هەزار دیناری بۆ چالاکڤان ئومێد حەجی فەتاح، ناسراو بە ئومێد بەڕۆشکی دەرکرد، ئەویش بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و ماددەی 240ی یاسای سزاکانی عێراق.
لە 16ـی شووباتی رابردوودا دادگەی تاوانەکانی دووی هەولێر لە دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی بادیناندا هەریەک لە ئهیاس کەرەم، شێروان شێروانی، شڤان سهعید بەڕۆشکی، گوهدار محەممەد زێباری و هاریوان عیسای بە شەش ساڵ زیندانی سزادا، بڕیارەکەش کاردانەوەی زۆر و جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا. رۆژی 7ی حوزەیرانی 2021 دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان لەسەر داوای دادگەی تێهەڵچوونەوە، رەوانەی دادگەی پێداچوونەوە کرا.
دوای ناوهێنانی هەریەک لە کۆنسوڵخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا لە بڕیارەکەی دادگەدا، ژمارەیەک لە کۆنسوڵخانەکانی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین دامەزراوە و کەس داوای پێداچوونەوەیان بە بڕیارەکەدا کرد و بە نادادپەروەرانەیان ناوزەندکرد، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری و حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیان لە بێلایەنیی دادگەکان کردەوە.
لە نووسراوەکەی دادگەدا وێڕای ئاماژەدان بە تاوانی ئەو سزادراوانە، هاوکات ئاماژە بەوە کرابوو، "لە بەڵگەکانی بەردەست ئەوەی لە دژی تۆمەتبارەکان سەلمێندراوە کە ئەوان لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە بەوەی گرووپێکیان رێکخستووە بە سەرۆکایەتیی تۆمەتبار (شێروان ئەمین)، لەگەڵ کەسانی دیکە کە تۆمەتبارن و سەیری پەڕاوەکانیان کراوە". دادگەکە باسی لەوەش کردبوو، "دانپێدانانی تۆمەتبارەکان لە قۆناخی لێکۆڵینەوە بەوپەڕی ئازادی و بێ هیچ گوشارێک بووە، نەسەلمێندراوە کە ئەمانە ئازار و ئەشکەنجەدران، ئەوانیش هیچ قسەیان نەکردووە لەسەر ئەوەی ئازار و ئەشکەنجە درابن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ