کۆبوونەوەی بەغدا و هەولێر بە سەرپەرشتیی لیژنەیەک دەستپێدەکاتەوە

29-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەبارەی داهاتی نانەوتی دەستپێدەکاتەوە، لیژنەیەکی حکومەتى عێراقیش سەرپەرشتی دەکات.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەبارەی داهاتی نانەوتی.
 
25ی ئابی 2025، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گەڕایەوە دوای ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی نەگەیشتنە رێککەوتن لەبارەی رێژەی ئەو داهاتانەی کە رادەست دەکرێت بەڕامبەر بە ناردنی مووچە.
 
ئەو سەرچاوەیەی رووداو رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی ئەمجارەی نێوان شاندی هەولێر و بەغدا بە سەرپەرشتی و بەشداری لیژنەیەکی تایبەت دەبێت لە ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی گەیاندنى هەردوولا بە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی داهاتی نانەوتی.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی 26ی ئاب دا بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستانی دا لە بەرامبەر رادەستکردنی 120 ملیار دینار.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا تیمە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام بن لە رێککەوتنیان لەبارەی پشکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان. لیژنەیەکی لە راوێژکاری یاسایی سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگە یاساییەکان، ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری پێکهێنا بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە داهاتە نانەوتییەکان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە