هەناردەکردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ئێران 40٪ زیادی کردووە

30-09-2025
سینا سۆما
عێراق کڕیاری یەکەمی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ئێرانە.
عێراق کڕیاری یەکەمی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ئێرانە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، کێلگەیەکی بەخێوکردنی ئاژەڵە لە باکووری رۆژئاوای تاران. کێڵگەکە زیاتر لە 20 هەزار مانگای تێدایە و بەشێکی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی هەناردە دەکرێت.
 
عەلی رەزایی، بەڕێوەبەری کێلگەکە دەڵێت، "رووسیا لە یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا دەیکڕی، بەڵام کاتێک سزای بەسەردا سەپێنرا، دەستیکرد بە گەڕان بەدوای شیری کوالیتی بەرز لە بازاڕی جیهانیدا. ئەوە بوو رووی لە ئێران کرد و دانی نا بە کوالیتی شیری ئێران و دەستیکرد بە هاوردەکردنی. لەم چەند ساڵەی دواییدا کە گەماڕۆکان بەسەر رووسیادا سەپێنران، هەناردەکردنی ئێران زیادی کرد."
 
هەناردەکردنی شیر، کەرە و بەرهەمە شیرەمەنیەکانی دیکەی ئێران نزیکەی 40٪ زیادی کردووە، لە کاتێکدا دۆخی ئابووریی وڵاتەکە لە زۆربەی کەرتەکانی دیکەدا باش نییە.
 
بە گوێرەی گومرگی ئێران، بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ئەو وڵاتە بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار هەناردەی 46 وڵات دەکرێت. زیاترینی هەناردەی عێراق دەکرێت و پاکستان، ئەفغانستان و رووسیاش لە کڕیارە سەرەکییەکانین.
 
عەلی رەزایی باس لەوە دەکات، "ئێمە بەو پارەیەی وەرمانگرت، دەستمان بە وەبەرهێنان لە ژێرخانەکانمان کرد، ئاستی تەکنەلۆجیامان بەرزکردەوە، ژمارەی کرێکارەکانمان زیاد کرد، لە کڕینی ئالیک و خۆراک دا وردتر بووین و خۆراکی کوالیتی بەرزمان کڕی. هەروەها ژێرخانەکانمان بەهێز کرد. ئەمڕۆ قەبارەی بەرهەمهێنانی شیری کوالیتی بەرز لە ئێران زۆر زیاتر بووە."
 
بە پێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی رابردوو بەرهەمهێنانی شیر لە ئێران زیاتر لە 12 ملیۆن تۆن بووە. بەڵام ئەم ساڵ نرخی شیر لەو وڵاتە نزیکەی 48٪ بەرزبووەتەوە.
 
لە کاتێکدا هەناردەکردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ئێران زیاتر دەبێت، بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانە لە نێوخۆی وڵاتەکە کەمیکردووە. بۆ چارەسەری ئەمەش، دەبێت دابینکردنی پێویستی ناوخۆیی و نرخەکەی کۆنترۆڵ بکرێت و، هەناردەش سنووردار بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە