سەرۆک بارزانی: دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەبن

29-10-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی لە دهۆک لەگەڵ بەشێک لە چین و توێژ و جەماوەری شارەکە کۆبووەوە و رایگەیاند، ئەگەر دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت، زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەبن.
 
سەرۆک بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جەختی لەوە کردەوە پارتی هەر لە سەرەتاوە باوەڕی بە هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک هەبووە و هەمیشەیش یەکەم بووە. ئاماژەی بەوە دا، "لە ساڵی 1991 و لە کاتی راپەڕیندا، کەس بیری لە هەڵبژاردن نەدەکردەوە، بەڵام ئێمە باسمان لە هەڵبژاردن کرد و پارتی لە یەکەم هەڵبژاردنەوە تاوەکو دوا هەڵبژاردن، هەمیشە یەکەم بووە."
 
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی گوتی: "پارتی هەمیشە خۆی بە بەرپرسیار زانیوە و هیچ کاتێک لە بەرپرسیارێتی راینەکردووە و نەیشخستووەتە ئەستۆی کەس. بە پێچەوانەوە، بەرپرسیارێتیی خەڵکی دیکەیشی هەڵگرتووە."
 
سەبارەت بە هەڵبژاردن و قۆناخی دوای هەڵبژاردن لە عێراق، سەرۆک بارزانی هیوای خواست دۆخەکە باشتر بێت و کێشەکان چارەسەر بکرێن. سوپاسی خەڵکی کوردستانیشی کرد بۆ خۆڕاگرییان بەرامبەر هەموو پیلانەکان و نەناردنی مووچە "سەلماندیان بۆ هیچ شتێک سەردانانەوێنن".
 
لە بەشێکی قسەکانی دا، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "ئەگەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەکرێن." لەسەر هەمان بابەت، دووپاتی کردەوە "هەر هەڵبژاردنێک گرنگیی خۆی هەیە و دەبێت ئەمجارەش هێز و گەورەیی پێگەی پارتی نیشانی هەمووان بدەینەوە."
 
ئاماژەی بەوەش دا، "هەر کەسێک ویژدانی هەبێت، دەزانێت مەسەلەی پاراستن و ئەرکی پاراستنی کوردستان لە ئەستۆی کێیە و دەشزانێت ئەو خزمەتەی لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، پەروەردە، تەندروستی، خزمەتگوزاری، ئاسایش و سەقامگیری، ئابووری، بووژانەوە و پێشخستنی ژێرخانی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژی و پێشخستنی کەرتی رێگەوبان و گەشتیاری کراوە، پارتی کردوویەتی کە ئەمانە بە ئاسانی بەدەستنەهاتوون."
 
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی باسی لە بەردەوامیی هەوڵەکان لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و هیوای خواست هەرچی زووترە حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت.
 
سەرۆک بارزانی باسی لە پاراستنی ئاو و گرنگیی پڕۆژەی بەنداو و پۆندەکان کرد کە بۆ داهاتووی کوردستان لە بواری ئاودا گرنگییەکی زۆریان هەیە و خەڵک لە داهاتوودا دەزانێت چ کارێکی گەورە کراوە.
 
فەرهەنگ و کولتووری پێکەوەژیان لە کوردستان تەوەری دیکەی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی بوو. لەمبارەیەوە جەختی لە شانازیکردن بەم فەرهەنگە لە کوردستان و زیاتر چەسپاندن و بەردەوامیدان بە بنەماکانی پێکەوەژیان کردەوە.
 
سەرۆک بارزانی داواشی کرد هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئارامی و هێمنی و دوور لە توندوتیژی بەڕێوەبچێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.