رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی پارێزگای کرماشان، سنە و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، بەهۆی پیسبوونی کەشوهەوا و مەترسی تووشبوون بە هەڵامەت، سەرجەم قوتابخانەکانی ئەو سێ پارێزگایە ئەمڕۆ دادەخرێن.
رۆژی شەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2025، بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی پارێزگای کرماشان، بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی دۆخی لەناکاو و کەشوهەوای ناتەندروستی پارێزگای ورمێ و بەڕێوەبەری کۆنترۆڵکردنی قەیرانی پارێزگای سنە، سەرجەم قوتابخانەکانی ئەو سێ پارێزگایە دادەخرێن، ئەوەش بەهۆی پیسبوونی کەشوهەوا و وەک رێکارێک بۆ پێشگیریکردن لە تووشبوونی هاونیشتمانیان بە هەڵامەت.
بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند: "هەموو قوتابخانەکانی پارێزگای کرماشان رۆژی شەممە دادەخرێن و قوتابیان بەشێوەی ئۆنلاین درێژە بە خوێندنیان دەدەن".
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵکردنی قەیرانی پارێزگای سنەش دەڵێت: "هەموو قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگای سنە رۆژانی شەممە و یەکشەممە بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەڵامەت دادەخرێن و خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت."
بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی دۆخی لەناکاوی پارێزگای ورمێش رایگەیاندووە، لەسەر بنچینەی رێنمایی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئێران سەبارەت بە پیسبوونی کەشوهەوای پارێزگای ورمێ، بڕیاردرا رۆژی شەممە هەموو قوتابخانەکانی شارەکانی ورمێ، مهاباد، خۆی، بۆکان، سەڵماس، شنۆ، سایینقەڵا، نەغەدە، چواربورج، باروق و میاندواو دابخرێن و خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت.
هەروەها داوا لە هاونیشتمانیان کراوە، بەهۆی پیسبوونی کەشوهەوا خۆیان لە هاتووچۆی ناپێویست لە شار و گوندەکان بپارێزن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ