رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای سیدەکان رایگەیاند، ئەو 21 کەسەی ماوەی دوو رۆژ بوو لە کوێستانەکانی لۆلان گیریان خواردبوو و بێسەروشوێن ببوون، رزگارکران.
ماوەی دوو رۆژ بوو لە کوێستانی لۆلان لە قەزای سیدەکان، 21 کەس بێسەروشوێن ببوون؛ 13 کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەشتی دیکەیان خەڵکی باشووری کوردستان بوون.
ڕۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ بە هەوڵی قایمقامییەت و کەسوکاری ئەو 21 کەسە، هەموویان رزگارکران."
بە گوتەی ئیحسان چەلەبی، تەندروستیی هەموویان باشە و سەلامەتن و کەمێکی دیکە دەگەنەوە نێو خێزانەکانیان.
قایمقامی قەزای سیدەکان گوتی، "13 کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و هەشتیان خەڵکی باشووری کوردستانن. دەنگۆیەک هەبوو کە دوو کەس لەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام راست نییە و هەموویان سەلامەتن."
شەپۆلێکی چڕی بەفربارین قەزای سیدەکانی گرتووەتەوە و نزیکەی دوو مەتر بەفر باریوە. ئیحسان چەلەبی گوتی، "هەموویان شوانکارە بوون و بەو مەبەستە سەردانی ئەو کوێستانەیان کردبوو."
سێ رۆژە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ