وەزارەتی کشتوکاڵ: زیاتر لە 1300 جووتیار زەیتوون بە کارگە نێوخۆییەکان دەفرۆشن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا زیاتر لە 1300 جووتیار زەیتوون بە کارگە ناوخۆییەکان دەفرۆشن و گوتیشی، "قارچک گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی."
 
رۆژی دووشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، داتاکانی ساڵی 2019 تاوەکو 2024ـی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو خستەڕوو کە دەردەکەوێت قارچک و زەیتوون بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
 
هەولێر پشکی شێری لە قارچک هەیە
 
هیوا عەلی گوتی، "لە هەرێمی کوردستان 11 پڕۆژەی ستراتیژیی قارچک هەن کە ساڵانە 6 هەزار و 350 تۆن بەرهەمیان هەیە؛ بە هەبوونی پێنج پڕۆژە، پارێزگای هەولێر 4 هەزار و 560 تۆن بەرهەم دەهێنێت، کە ئەمەش دەکاتە نزیکەی 71٪ـی کۆی بەرهەمی هەرێمی کوردستان. گەورەترین پڕۆژەش لە قوشتەپەیە کە بە تەنیا 3 هەزار تۆن بەرهەمی هەیە."
 
گەرمیان لە پلەی دووەمە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، گەرمیان تەنیا یەک پڕۆژەی لێیە، بەڵام بەرهەمەکەی 1400 تۆنـە، بەمەش لە دوای هەولێر بە پلەی دووەم دێت و پێش پارێزگای سلێمانی کەوتووە.
 
هیوا عەلی گوتی: "پارێزگای سلێمانی 4 پڕۆژەی قارچکی تێدایە، بەڵام کۆی بەرهەمیان 770 تۆنە، بەڵام دهۆک هێشتا لە سەرەتادایە و تەنیا یەک پڕۆژەی لێیە کە ساڵانە 20 تۆن بەرهەمی هەیە."
 
لە زەیتوون دا، دهۆک بە جۆر و هەڵەبجە بە بڕ پێشەنگن
 
لە بەرهەمهێنانی زەیتوون دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی لە رێگەی 7 کارگە، پشتگیریی 1340 جووتیار بکات. ئامارەکان دەری دەخەن کە گەشەکە تەنیا لە بڕدا نییە، بەڵکو لە جۆریش هەڵکشاوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیکردەوە، لە پارێزگای دهۆک کارگەی شێخان زۆرترین زەیتی لە زەیتوون بەرهەمهێناوە کە 20٪ بووە، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە لە هەولێر لە دەوروبەری 11٪ بۆ 14٪یە.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەڵەبجە یەک کارگە هەیە، زۆرترین بڕی زەیتوونی جووتیارانی وەرگرتووە کە 415 تۆن بووە و 60 تۆن زەیتی بەرهەمهێناوە، ئەمەش دەریدەخات هەڵەبجە ناوەندێکی سەرەکیی زەیتە.
 
لە سلێمانی زۆرترین جووتیار سوودمەند بوون کە 450 کەسن، لە دوای ئەویش پاریزگای هەولێر دێت کە 390 جووتیارن، لە دوای ئەویش  دهۆک و هەڵەبجە دێن کە هەر یەکەیان 250 جووتیاریان لە رێگەی کارگەکانەوە بەرهەمەکانیان ساخ کردووەتەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "تەنیا لە پڕۆژەکانی قارچکی هەولێردا هەلی کار بۆ 310 کارمەند رەخساوە."
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان:
 
کۆی ئەو زەیتوونەی رادەستی کارگەکان کراوە 799.5 تۆن بووە.
بڕی 109.8 تۆن زەیتی زەیتوون بەرهەم هێنراوە.
زۆرترین زەیت لە شێخان بەرهەمهێنراوە کە گەیشتووەتە 20٪.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە