پارێزەری دۆسیەکەی: سزاکەی شاسوار عەبدولواحید تەواو بوو

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
زانیار بەهادین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە گوتەی پارێزەری سکاڵاکارەکەی، ماوەی سزادانی شاسوار عەبدولواحید تەواو بووە و ئەوان هیچ سکاڵایەکی دیکەیان نییە. دادگەی سلێمانیش ئازادبوونی رەتدەکاتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، دانا نووری، پارێزەری شادی نەوزاد کە بەهۆی سکاڵاکەیەوە شاسوار عەبدولواحید سزادرا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماوەی سزادانی شاسوار عەبدولواحید لەو دۆسیەی پارێزەری بووە، تەواو بووە."
 
شاسوار عەبدلواحید، 12ـی ئابی ئەم ساڵ دەستگیرکرا و بە پێنج مانگ بەندکردن سزا درا. ئەو پارێزەرە گوتی، "پێشتر لەسەر هەمان دۆسیە 15 رۆژ راگیراوە، "ئەگەر 15 رۆژەکە دەربکەین 29ـی ئەم مانگ سزاکە تەواو دەبێت."
 
پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحید لە دادگەی پێداچوونەوە داوای پێداچوونەوەیان کردووە، بە گوتەی دانا نووری، دەبێت دادگە چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی پێداچوونەوە بکات، چونکە تاوەکو ئێستا بڕیار نەگەڕاوەتەوە.
 
جەختیشی كردەوە، ئەوان هیچ سکاڵایەکی دیکەیان لەسەر شاسوار عەبدولواحید نییە و "دۆسیەکە کۆتایی هاتووە".
 
دادگەی سلێمانی لە وەڵامی پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی چارەنووسی شاسوار عەبدولواحیدەوە رایگەیاند، "چەندین سکاڵای دیکەی لەسەر تۆمارکراوە لە دادگەی کەتن و تاوان کە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە، بۆیە ئەگەر ماوەی سزادانیشی تەواو بێت ئازاد ناکرێت."
 
ئێستا دادگەی سلێمانی چاوەڕوانی تەواوبوونی پشووەکانی سەری ساڵە کە 4ـی مانگی داهاتوو تەواو دەبێت، تاوەکو بڕیار لە چارەنووسی سکاڵاکان و شاسوار عەبدولواحیدیش بدرێت.
 
پێشتر، دادوەرێکی باڵا لە دادگەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، "کاتێک کۆتایی بە حوکمەکەی شاسوار عەبدولواحید هات، دادوەری دۆسیەکە دەتوانێ بە کەفالەت بڕیاری ئازادکردنی بدات. لە هەموو کاتێکدا ئازادکردن یان بڕیاری هێشتنەوەی شاسوار عەبدولواحید لە زیندان دوای تەواوکردنی حوکمەکەی دەدرێ."
 
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە 12-08-2025 لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، لە دانیشتنی سێیەمی دادگەدا رۆژی 02ـی ئەیلوول بە پێنج مانگ بەندکردن سزادرا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە