مەسرور بارزانی لەبارەی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق: هیوادارین رێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی حکومەتی سووریا و هەسەدە دەکەین و هیوادارین ئەم رێککەوتنە، فراوانتر بکرێت و ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی زیاتر و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ هەموو سووریا و بە تایبەتی ناوچە کوردییەکان".
 
دەشڵێت، هیوادارن ببێتە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی "مافە رەواکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و رێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ ماڵ و زێد و ناوچەکانی خۆیان".
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات، "پشتیوانیی گەلی کوردستان لە هەموو جیهان و بە تایبەتی روڵی جەنابی سەرۆک بارزانی، لە کۆتاییهێنان بە گرژیەکان و گرتنەبەری رێگەی دایەلۆگ بۆ چارەسەریی بنەڕەتی کێشەکان، جێگەی شانازییە".
 
لەکۆتاییدا، مەسرور بارزانی دەڵێت، "رێز و پێزانینمان هەیە بۆ رۆڵی سەرۆک و حکومەت و نوێنەر و کۆنگرێسی ئەمریکا و وڵاتانی دۆست لە کوتاییهێنان بە گرژیەکان و پشتیوانیکردنی مافە رەواکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و سەقامگیریی لە ناوچەکە".
 
لە لایەکی دیکە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، رێککەوتنەکەی بە "وەرچەرخانێکی مێژوویی" ناوبرد و جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 13ی سەرۆکایەتیی سووریا کردەوە بۆ گێڕانەوەی مافی هاووڵاتیبوون و ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە کە رۆژی هەینی، 30ی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکرایەوە، بڕیارە فیرقەیەکی سەربازی پێکبهێنرێت کە سێ لیوای لە هەسەدە بێت و لیوایەکیش بۆ کۆبانی، هەروەها دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەریش تێکەڵ بە دەوڵەت بکرێن. ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر، سوپاسی ناوەندگیریی ئەمریکا و فەرەنسای کرد و هیوای بۆ بونیادنانەوەی سووریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیر دەربڕی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە