رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات و بە هەنگاوێکی "گرنگ و دروست" بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان وەسفی دەکات. سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە ئەم بڕیارە زەمینەیەکی بەهێز بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان دەڕەخسێنێت.
نێچیرڤان بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "پێشوازی و پشتيوانى لە رێککەوتنى نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (ههسهده) دهكهين بۆ راگرتنی شەڕ، تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە سەربازی و كارگێڕييهكان، مسۆگەرکردنی مافە مەدەنی و پەروەردەیيیەکانی گەلی کورد و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان".
ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگ و دروستە بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتییانە و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان. ئێمە هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دیالۆگ، لێکگەیشتن و رێگەچارەی سیاسی، تاکە دەرچەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئهم رێککەوتنه زەمینەیەکی بەهێز بۆ سەقامگیری، ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان دەکاتەوە. هیوادارین ببێتە مایەی بنیاتنانەوەی سووریایهکی یهکگرتوو، پاراستنی مافهكانى گهلى كورد و هەموو پێکهاتەکان له دهستووری داهاتوودا و بەدیهێنانی ئارامی بۆ سووريا و ناوچەکە بهگشتى".
لە لایەکی دیکە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، رێککەوتنەکەی بە "وەرچەرخانێکی مێژوویی" ناوبرد و جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 13ی سەرۆکایەتیی سووریا کردەوە بۆ گێڕانەوەی مافی هاووڵاتیبوون و ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە کە رۆژی هەینی، 30ی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکرایەوە، بڕیارە فیرقەیەکی سەربازی پێکبهێنرێت کە سێ لیوای لە هەسەدە بێت و لیوایەکیش بۆ کۆبانی، هەروەها دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەریش تێکەڵ بە دەوڵەت بکرێن. ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر، سوپاسی ناوەندگیریی ئەمریکا و فەرەنسای کرد و هیوای بۆ بونیادنانەوەی سووریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیر دەربڕی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ